ئیمارات: بە توندی ئیدانەی هێرشە تیرۆرستییەکەی سەر کۆرمۆر دەکەین

وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات
وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات

K24 – هەولێر:

وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات رایگەیاند، بە توندی ئیدانەی هێرشە تیرۆرستییەکەی سەر کیڵگەی غازی کۆرمۆر دەکەین کە بووە هۆکاری کوژرانی ژمارەیەک کەسی بێتاوانی یەمەنی.

ئەمڕۆ شەممە (27ـی نیسانی 2024) وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات لەمیانەی راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، ئیمارات بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشە تیرۆریستییە دەکات کە لە رێگەی درۆنەوە کێڵگەی غازی کۆرمۆری لە هەرێمی کوردستان کردە ئامانج، کە بووە هۆ کوژرانی ژمارەیەک کەسی بێتاوانی یەمەنی.

لە راگەیەندراوەکەدا وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات دووپاتی دەکاتەوە، کە ئیمارات ئیدانەی هەر هێرشێکی تیرۆرستی دەکات کە ئامانجی لێی ناسەقامگیری ئاسایشی عێراق و هەرێمی کوردستان بێت، هەورەها ئاماژە بەوە دەکات، هێرشەکە پێشێلکارییەکی ئاشکرای بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتییەکانە.

وەزارەتەکە پاڵپشتی ئیماراتی بۆ هەموو ئەو رێوشوێنانەی کە عێراق گرتوویەتەبەر بۆ پاراستنی سەروەری، ئاسایشی و سەقامگیری وڵاتەکە دووپات دەکاتەوە، هاوکات جەخت لە پەرۆشی ئیمارات بۆ بەرقەرارکردنی ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان و عێراق کردەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات هاوخەمی خۆی بۆ بنەماڵەی کارمەندە یەمەنییەکان دەردەبڕێت کە لە هێرشەکەی شەوی رابردوو شەهید بوون.

ڕۆژی هەینی (26ـی نیسانی 2024) بە درۆن هێرش کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر کە بووە هۆی کوژرانی چوار کارمەندی یەمەنی و برینداربوونی دووانی دیکەش.

بەهۆی هێرشەکەوە ناردنی غاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی کارەبا راوەستاوە و نزیکەی 2500 مێگاوات کارەبا کەم بووەتەوە.

غازی کۆرمۆر، لەرێگەی بۆرییەوە رەوانەی وێستگەکانی کارەبای چەمچەماڵ و هەولێر دەکرێت، بەمەش لە 67%ـی کارەبای هەرێمی کوردستان دابیندەکات.

کێڵگەی غازیی کۆرمۆر، کە لە ساڵی 2007ـەوە دامەزراوە، دەکەوێتە سنووری ناحیەی قادر کەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵە لە پارێزگای سلێمانی، کۆمپانیای دانەغاز وەبەرهێنانی تێدا دەکات.