ئەرشەد تەها: هێرشکردنە سەر کێلگەی کۆرمۆر وەڵامی ڕاستەوخۆی ڕێککەوتنی عێراق و ئەمەریکا بوو

K24 – هەولێر

شارەزایەکی بواری وزە ڕایگەیاند، هێرشەکەی ئەمجارەی سەر کێلگەی غازی کۆرمۆر جیاوازترە لە هێرشەکانی ڕابردوو، پەیامێکیش بوو بۆ هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا.

د. ئەرشەد تەها، شارەزای بواری وزە، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، هێرشەکەی ئەمجارەی سەر کێلگەی غازی کۆرمۆر جیاوازترە لە هێرشەکانی ڕابردوو، هێرشەکە چەند پەیامێکە بۆ هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا چونکە مانگێک تێنەپەڕی بەسەر سەردانەکەی سوودانی بۆ واشنتن.

ئەرشەد تەها گوتیشی: یەکێک لە ڕێککەوتنە گرنگەکان کە لەنێوان حکوومەتی عێراق و ئەمەریکا کرا، ئەوەبوو کە پشتگیریی و پاڵپشتیی لە زیادکردنی بەرهەمهێنانی غاز لە عێراق بکرێت، چونکە عێراق ساڵانە بەبەهای شەش ملیار دۆلار غاز هاوردە دەکات بەمەبەستی بەرهەمهێنانی ناوخۆ.

ئاماژی بەوەش کرد، چوار کێلگەی غاز لەناوخۆی وڵاتدا هەیە، ئەوانیش کێلگەی" عوکاز لە ئەنبار، مەنسوریە لە دیالە، سیبە لە بەسرە، کۆرمۆر لە سلێمانی"، لەوچوار کێڵگەیە تەنها کۆرمۆر غازی تێدایە و ئەوانی دیکە وەبەرهێنانیان تێدا نەکراوە. ئەمەش لەبەر ئەوە لەشەش ساڵی ڕابردوودا ئەمەریکا ڕێگەی دەدا عێراق غاز هاوردە بکات لە ئێران.

باسی لەوەشکرد، لێدانی کێلگەی کۆرمۆر، وەڵامی ڕاستەوخۆی ڕێککەوتنی عێراق و ئەمەریکا بوو، کە میلیشیا و گرووپە چەکدارە لەیاسا دەرچووەکان ڕێگە نادەن سەقامگیری لە عێراق وەدەست بهێنرێت.

ڕۆژی هەینی (26ـی نیسانی 2024) بە درۆن هێرش کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر کە بووە هۆی کوژرانی چوار کارمەندی بیانی و برینداربوونی دووانی دیکەش.

بەهۆی هێرشەکەوە ناردنی غاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی کارەبا ڕاوەستاوە و نزیکەی 2500 مێگاوات کارەبا کەم بووەتەوە.

غازی کۆرمۆر، لە ڕێگەی بۆرییەوە رەوانەی وێستگەکانی کارەبای چەمچەماڵ و هەولێر دەکرێت، بەمەش لە 67%ـی کارەبای هەرێمی کوردستان دابین دەکات.

کێڵگەی غازیی کۆرمۆر، کە لە ساڵی 2007ـەوە دامەزراوە، دەکەوێتە سنووری ناحیەی قادر کەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵە لە پارێزگای سلێمانی، کۆمپانیای دانەغاز وەبەرهێنانی تێدا دەکات.