شەرابی ساختە 29 پزیشکی ئێرانی ژەهراوی کرد و یەکێکیشیانی کوشت

K24 - هەولێر

لە میواندارییەکی دەورووبەری شاری شیرازی ئێران، لە ئەنجامی خواردنەوەی شەرابی ساختە، 29 پزیشک ژەهراوی بوون و یەکێک لە پزیشکەکانیش کە ژنێکە، مردووە.

چەند سەرچاوەیەکی هەواڵیی ناوخۆی ئێران بڵاویان کردووەتەوە، لە میواندارییەکی شەوانەدا ژمارەیەک پزیشکی پسپۆری دڵ و چاو و چەند نەخۆشییەکی دیکەی جیاواز کۆبوونەتەوە، بەڵام بەهۆی خوارنەوەی شەرابی ساختە کە لە ناوخۆی ئێران و لە ماڵان دروست دەکرێن، 29 پزیشک ژەهراوی بوون و بەهۆی خراپی تەندروستییانەوە لە نەخۆشخانە خەوێنراون.

یەکێک لە پزیشکەکانی بەناوی فەرزانە ئەکبەری بەهۆی کاریگەرییەکانی ژەهراوی بوونەکەیەوە مردووە و بەشێکیشیان لە نەخۆشخانە ناچاری شۆردنەوەی گورچیلە بوون.

هەروەها ماڵپەڕی هەواڵی ڕۆکنا، لە زاری سەرچاوەیەکی پزیشکی پستڕاستی کردووەتەوە، ئەو میواندارییەی پزیشکەکان تێیدا ژەهراوی بوون لە شارۆچکەی جەهروومی سەر بە پارێزگای شیراز بووە و ئەو کەسەش کە خواردنەوە دەستساز و ساختەکەی پێ فرۆشتوون لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیر کراوە.

هەرچەندە لە مێدیا فەرمییەکانی ئێران بڵاو ناکرێتەوە، بەڵام ساڵانە بەهۆی ئەو شەرابە ساختەی لە ماڵان دروست دەکرێت لە سەرتاسەری ئێران سەدان کەس ژەهراوی دەبن و بەشێکیشیان دەمرن.