کتێبی "هونەری ئیسلامی" کە یەکەمین سەرچاوەی لێکۆڵینەوەی کوردییە بڵاوکرایەوە

K24 - هەولێر

کتێبی " هونەری ئیسلامی" لە نووسینی خەلیل عەلی نووسەر، بە یەکەمین کتێبی سەرچاوەی لێکۆڵینەوەی کوردیی دەربارەی هونەری ئیسلامی دادەنرێت.

خەلیل عەلی نوسەر، دەربارەی بڵاوبوونەوەی ئەو کتێبە تازەیەی، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەم كتێبە خەرمانەی 8 ساڵی كاركردنیەتی، بەمەبەستی خستنەوەی بەرهەمێكی تۆكمەی چڕ و بابەتیانە لەسەر هونەری ئیسلامیی لە كۆن و ئێستەدا، تا خوێنەری كوردیش بزانێت ئایینی ئیسلام لە كوێ‌ و لە چ خاڵێكدا لەگەڵ هونەر ناكۆكە و لەكوێشدا گونجاوە.

ئەو نووسەرە دەڵێت: "ئەم كتێبە مێژوو و پاشخانی ئەو میللەت و گەلانەش هەڵدەداتەوە، كە پێش فراوانخوازییەكانی ئیسلام بە چەندین سەدە هەیان بووە و دواتر كاتێك دەكەونە ژێر فەرمانڕەوایی ئیسلام ئەم هەموو هونەر و فەرهەنگێک بەرەو كوێ‌ ئاراستە دەكرێت، بۆ وڵامدانەوەی هەموو ئەو پرسیارانەش بە دوای زۆر سەرچاوەدا گەڕاوم، تا باشترین و ڕاسترینیان هەڵبژێرم و بیخەمە خزمەتی بابەتەكەوە".

خەلیل عەلی گوتیشی: "میللەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەر لەكۆنەوە لەنێو ئاگری جەنگە یەك لە دوای یەكەكاندا سووتاون و زۆربەی شارستانییەتەكەشیان بەسەریەكدا ڕووخاوە، یان لەنێوچووە، یان ئەوەی ماویشە جێگەی بەزەییە، بەڵام بە ئازایەتی و خۆگری ئەم میللەتانە لەناو ئەو ماڵوێرانەییەدا جێگەی دڵخۆشییە. ئیدی لەم كتێبەشدا ئەو پێشكەوتنە یەك لە دوا یەكانەش باس كراون و كارامەیی وەستای موسوڵمانیش لەو بوارەدا خراوەتە ڕوو، كە لە بواری هونەریدا هەنگاوی بۆ هەڵێناوە و بە دەربەدەری و ئاوارەییش پەرەی بە هونەرەكەی داوە و فەرمانڕەوا و سوڵتانەكانیش ڕێگەی ژیان و هونەركردنیان بۆ خۆش كردون.

نووسەر ڕاشیگەیاند، زۆرکەس هەن لەبارەی ئیسلامگەراییەوە نووسیویانە و ئێمەش لەو نێوەندەدا، تەنیا بەلای كاری هونەریدا ڕۆیشتووین و لە ڕوانگەی ئایینی و شیكاری هونەرییەوە ڕاڤەم بۆ تەواوی ئەو بەڵگانە كردووە، كە لەبەردەستدا بوون و لە زمانی نووسەرەكان خۆیانەوە دەرم خستوون، تا خوێنەر و هونەرمەندی كوردیش لە زمانی مێژووەكەوە لە بابەتەكە تێ بگات و دواتر بڕیاڕی خۆی لەسەر بابەتەكە بدات. بۆیە لەكۆتاییدا هەرئەوەندە ماوە بگوترێت، كە ئەم كتێبە هێندەی بابەتێكی هونەرییە، هێندە بابەتێكی ئایینی نییە.