هادی عامری: فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان وەک هەموو فەرمانبەرانی دیکەی عێراق مافی خۆیانە مووچەکانیان وەربگرن

هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح
هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح

K24 – هەولێر:

سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح رایگەیاند، مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان وەک هەموو موچەخۆرانی دیکەی عێراق مافی خۆیانە مووچەکانیان وەربگرن، لە بارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان گوتی: گفتوگۆکان بەو ئاراستەیە بەردەوامن کە لەسەر دیاریکردنی وادەیەک رێکبکەون بە رەزامەندی هەموو لایەنە سیاسییەکان.

هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح، لە وەڵامی رۆژنامەنووساندا گوتی بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی ئیدارەی دەوڵەت کرا، لەماوەی چەند هەفتەی رابردووشدا ئەم کۆبوونەوانە هەبوون ئەمە بۆ خستنەڕووی سەرجەم ئەو پرس و کێشانەیە کە گرنگە چارەسەر بکرێن.

باسی لەوەکرد، ئەم کۆبوونەوانە زۆر گرنگن بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی. لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح دەڵێت: بڕیاری ئەنجامدانی هەڵبژاردن بە تەواوەتی پەیوەستە بە سەرۆکی هەرێمەوە بەڵام گفتوگۆکان بەو ئاراستەیەدا بەردەوامن کە لەسەر دیاریکردنی وادەیەک رێکبکەون بە رەزامەندی هەموو لایەنە سیاسییەکان.

ناوبراو جەختی لەوە کردەوە، تەوتین لەلایەن دادگای فیدڕاڵی یەکلابووەتەوەو تەنیا ماوە لەسەر میکانیزمێک رێکبکەون. هاوکات دەڵێت: مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان وەک هەموو موچەخۆرانی دیکەی عێراق مافی خۆیانە مووچەکانیان وەربگرن.

هاوکات لە هەفتەی رابردووشدا لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە درابوو پڕۆژەی هەژماری من بەشێکە لەتەوتین.