وەزارەتی شارەوانی پرۆژەیەک بە زیاتر لە 60 ملیۆن دینار لە رانیە جێبەجێ دەکات

شاری رانیە
شاری رانیە

K24 – هەولێر:

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە گوژمەی زیاتر لە 60 ملیۆن دینار پرۆژەی کۆنکرێتکردنی ناوچەی پیشەسازیی رانیە جێبەجێ دەکات.

ڕۆژی یەکشەممە (28ـی نیسانی 2024) فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە: وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە فەرمانێكی وەزاریدا، لەسەر ڕێژەی (15%)ی داهاتی سەرۆكایەتیی شارەوانیی رانیە، ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر خەرجكردنی گوژمەی 60 ملیۆن و 689 هەزار دینار بۆ شارەوانیی ڕانیە.

بەپێی فەرمانە وەزارییەكە، ئەو گوژمەیە لەسەر داهاتی شارەوانیی رانیەیە و بەپێی پلانی شارەوانی بە مەبەستی جێبەجێكردنی پرۆژەی كۆنكرێتكردنی شەقام لە ناوچەی پیشەسازی لە رانیە خەرج دەكرێت.