ئاری ئەحمەد: بڕیاری لێخۆشبوون لە قەرزی ئاو بەردەوام دەبێت

ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان، لەبارەی بڕیاری لێخۆشبوون بە رێژەی 20% لە قەرزی ئاو هاوبەشان دڵنیا دەکاتەوە تا قەیرانی دارایی هەبێت بڕیاڕی لێخۆشبوونەکە بەردەوام دەبێت، ناوبراو دەڵێت: تا ئێستا 650 ملیار دینار قەرزمان لەلای هاوبەشانی ئاوە.

ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 رایگەیاند، لێخۆشبوون لە قەزری ئاو لە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران ئەوە بۆ جاری شەشەمە رەزامەندی لەسەر دەدرێت. باسی لەوەشکرد، داشکاندن لە کرێی ئاو بەردەوام بێت.

بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: زیاتر لە میلۆنێک لە هابەشانی ئاو سوودمەند دەبن لە بڕیاری لێخۆشبوون لە قەرزی ئاو، هەروەها تا ئێستا 650 ملیار دینار قەرزمان لەلای هاووڵاتییانە، دوای بڕیارەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەبارەی داشکاندن لە قەرزی ئاو هاوبەشێکی زۆر سەردانیان کردووین.

لەبارەی دروستبوونی کەمئاوی ناوبراو دەڵیت: ئەمساڵ رێژەیەکی زۆر باران بەراورد بە ساڵانی رابردوو باری و لە سەرووی پێشبینییەکانی ئێمەوە بوو، بەمەش رێژەی ئاوی ژێرزەوی زیادی کردووە و بەشێکی زۆریش لە کانیاوەکان ژیاونەتەوە، چەندین پڕۆژەش بۆ مەبەستی رێگریکردن لە کەمئاوی لە قۆناغی جێبەجێکردندان.

هاوکات دەڵێت: "بە هەموو توانای خۆمان کار دەکەین بۆ ئەوەی هاووڵاتییان ئەم هاوینە بێ ئاو نەبن".

لەبارەی هاتنی شەپۆڵێکی لێزمە باران، ئاری ئەحمەد، گوتی: ئامادەکاری تەواو کراوە بۆ ئەوەی رێگری بکرێت لە دروستبوونی لافاو، ئاوەڕۆکانی ناو شارەکان خاوێن کراونەتەوە، پێداچوونەوەش بە هەموو ئەو شوێنانە کراوە کە کێشەی تێدایە و کێشەکانی چارەسەر کراون.

بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان باسی لە لێدانی بیری نایاسایی ئاو کرد و ئاشکرایکرد، بە رێژەیەکی زۆر باش لێدانی بیری نایاسایی ئاو کەمبووتەوە، هەر ئامێرێکی لێدانی بیریش لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا دەستیبەسەردا گیرابێت لەناوبراوە.