دەستەی مافی مرۆڤ تۆمەتی ونبوونی هاووڵاتییەک لە شاری دهۆک رەت دەکاتەوە

لۆگۆی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان
لۆگۆی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ رایگەیاند، دوای ئەوەی ئاگەدارکرانەوە لە بێسەروشوێنبوونی هاووڵاتییەک لە شاری دهۆک، دەستەی مافی مرۆڤ بەدواداچوونی کرد و دەرکەوت ناوبراو بەپێی بڕیاری دادوەر راگیراوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە (28ـی نیسانی 2024) دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، لە راگەیندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، دوای ئاگادارکردنەوەی دەستە لە بارەی بێسەروشوێنبوونی هاووڵاتییەک لە شاری دهۆک بەناوی (س،م،م) کە گوایە هەواڵی نییە، لەسەر ڕاسپاردەی دەستەکە تیمێکی نووسینگەی دهۆکی دەستەی مافی مرۆڤ بەدواداچوونی کرد و سەردانی بنکەی گرتن و گواستنەوەی لەبەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی دهۆک کرد بۆ ئەو مەبەستە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، دوای وەرگرتنی زانیاری دەرکەوت ناوبراو بەپێی بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە بەپێی ماددەی (1) ی یاسای ژمارە(21)ی ساڵی 2003 ڕاگیراوە.

دەستەکە رایگەیاند، پاش دیتنی بەرپرسی بنکەی ڕاگرتنی ئاسایش، تیمی دەستە ڕاستەوخۆ پرسیاری ڕەوشی ناوبراویان کرد و پرسیاری خواردن و تەندروستی و شوێنی حەوانەوە و مامەڵەی کارمەندانی ئاسایش لەگەڵ هاووڵاتییەکە کرد، لەوەڵامدا هاووڵاتییەکە ئاماژەی بەوە کرد کە هیچ کێشەیەکی نییە و مامەڵەیەکی دروستی لەگەڵ کراوە.

وەک ئەوەی لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی پێکراوە، تیمی دەستە ئەوەیان بە راگیراوەکە ڕاگەیاندووە کە مافی دابینکردنی پارێزەری هەیە و لەئەگەری نەبوونی تواناش بۆ دابینکردنی پارێزەر، ئەوا دادگا بۆی دابین دەکات.

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ئەوەشیان بە هاووڵاتییەکە راگەیاند، کە کەس و کاری پلە یەکی دەتوانن سەردانی بکەن و بۆ ئەو مەبەستەش بەڕێوەبەری ئاسایش دهۆک هاوکارە.