فوئاد مه‌جالی: ئوردن و هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی بەهێز و مێژووییان هەیە

"چاومان لەوەیە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان فراوانتر بکەین"
فوئاد مه‌جالی، كونسوڵی گشتيی ئوردن له‌ هه‌رێمی كوردستان
فوئاد مه‌جالی، كونسوڵی گشتيی ئوردن له‌ هه‌رێمی كوردستان

K24 – هەولێر:

كونسوڵی گشتيی ئوردن له‌ هه‌رێمی كوردستان، رایدەگەیەنێت، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان خواستی بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئوردن هەیە، هەروەها پەیوەندی نێوان ئوردن و هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی برایانە و مێژووییە.

فوئاد مه‌جالی، كونسوڵی گشتيی ئوردن له‌ هه‌رێمی كوردستان، لەمیانەی بەشداریی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24 کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات رایگەیاند، پەیوەندییەکانی ئوردن لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی مێژوویی، برایەتین و لە ئاستێکی زۆر باشدان، هەوڵیش دەدەین ئەم پەیوەندییانە لەسەر ئاستی هەموو بوارەکان پەرە پێبدەین.

كونسوڵی گشتيی ئوردن له‌ هه‌رێمی كوردستان، راشیگەیاند، لە ماوەکانی رابردووشدا هەستمان پێکردەوە کە حکوومەت و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان خواستی ئەوەیان هەیە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئوردن گەشە پێبدەن، کابینەی نۆیەم بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی کۆمەلێک رێکاری لەسەر ئاستی کردەیی گرتووەبەر بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا گەشەپێبدات.

هاوکات ئاماژەی بەوەدا، هەفتەی داهاتوو کارەکانی دیداری خوێندنی باڵای ئوردنی کوردستانی دەستپێدەکات بە بەشداریی وەفدێکی باڵای وەزارەت خوێندنی باڵای ئوردن، هەروەها بە بەشداریی 21 زانکۆی ئوردنی لەسەر ئاستی حکموومیی و تایبەت، دێنە هەرێمی کوردستان و سەردانی زانکۆکان دەکەن، یەکەمجارە کارێکی لەم شێویە روودەدات، ئامانجیش ئەوەیە پەیوەندییەکانی نێوانیان بەرەو پێشتر ببەن.

ناوبراو گوتی: هەوڵدەدەین قوتابییەکان ئاڵوگۆڕ پێبکەین لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و ئوردن، ئەمەش دەرگا لەبەردەم پەیوەندیی فراوانتر دەکاتەوە، هەروەها رەشنووسی هەماهەنگی واژۆ دەکەین بۆ هەماهەنگی لەنێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی ئوردن لەسەر ئاستی خوێندنی باڵا.

فوئاد مه‌جالی، گوتیشی: ساڵی رابردوو بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دیدارێکی تەندروستیمان هەبوو، وەزیری تەندروستی ئوردن بۆ یەکەمجار سەردانی هەرێمی کوردستانی کردبوو، بۆ پەرەپێدانی هەماهەنگییەکانی هەردوولا لە بواری تەندروستیدا.

ناوبراو لەبارەی هەرێمی کوردستانەوە ئاماژەی بەوەدا، هەرێمی کوردستان یەکێکە لە ناوچە ئارامەکانی ناوچەکە، هەروەها یەکێکە لە ناوچە گەشەسەندووەکانیش. فوئاد مه‌جالی دەشڵێت: پیرۆزبایی لە هەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتییەکە و حکوومەتەکەشی دەکەین بۆ ئەم ئەمن و ئاسایش و ژینگە ئارامەی کە رەخساندوویانە، کە وایکردووە ئوردن خواستی هەبێت پشتیووانی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکات.

لە درێژەی قسەکانیدا، باسی لەوەشکرد، ئەو بوارانەی کە سەرنجیان لەسەریەتی لەگەڵ هەرێمی کوردستان زیاتر پەرەی پێبدەن بریتین لە: بوارەکانی خوێندنی باڵا، تەندروستی، بازرگانی و وەبەرهێنان، هەروەها هەل هەیە بۆ ئەوەی پێکەوە پڕۆژەی هاوبەش ئەنجام بدەین و، هەل هەیە بۆ بازرگانانی ئوردنی سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن و بە پێچەوانەشەوە.

كونسوڵی گشتيی ئوردن له‌ هه‌رێمی كوردستان، باسی لە پڕۆسەی چاکسازی لە حکوومەت کرد و گوتی: کارەکانی چاکسازیی زۆر بە باشی بەرەو پێش دەچێت، کارەکانی حکوومەت لە بواری وەبەرهێناندا زۆر سەرکەوتوو بووە، زۆرێک لە وەبەر‌هێنەر و سەرمایەدارانی ئوردن دەیانەوێت لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن، ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردوویەتی سەرنجڕاکێش بووە بۆ راکێشانی سەرنجی وەبەرهێنەرانی بیانی، لە بەرامبەریشدا خەڵکانێک لە هەرێمی کوردستان دەیانەوێت وەبەرهێنان لە ئوردن بکەن.

فوئاد مه‌جالی، رایگەیاند، "بە پێویستی دەزانم سووپاسی خەڵکی هەرێمی کوردستان و جەنابی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکەم، لەبەرامبەر ئەوەی خزمەتی خەڵکی ئوردنیان کردووە، چاودێری و پشتیووانیی خەڵکی ئوردن لە هەرێمی کوردستان دەکەن، هاوکارییان دەکەن لە سەرجەم بوارەکان".

لەبارەی خزمەتگوزارییەکانی کونسوڵخانەی ئوردن لە هەرێمی کوردستان، فوئاد مه‌جالی، دەڵێت: کونسوڵخانەی ئوردن لە هەولێر کۆمەڵێک خزمەتگوزاری پێشکەش دەکات و ئاسانکاریی بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە سەردانی ئوردن دەکات بە تایبەتی لە بوارەکانی چارەسەری پزیشکی، خوێندنی باڵا.

كونسوڵی گشتيی ئوردن له‌ هه‌رێمی كوردستان، باسی لە ژمارەی هاووڵاتییانی ئوردن کرد کە لە هەرێمی کوردستان دەژین و ئاماژەی بەوەدا، نزیکەی هەزار و 400 هاووڵاتیی ئوردنی لە هەرێمی کوردستان دەژین، زۆر دڵخۆشن و لە ئارامیی دان، بەشێکی زۆریان پیاوانی کارن.

سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، کۆمەڵێک شوێنی گەشتیاریی و زۆر هەن لە هەرێمی کوردستان و زۆر دڵگیرن، هاوکات گوتی: "پیرۆزبایی لە هەرێمی کوردستان دەکەم چونکە خاوەن خەڵکی بەشەڕەفن، هەمیشە شانازیتان پێوە دەکەین".

لەبارەی خواردنی کوردی، فوئاد مه‌جالی، رایگەیاند، خواردنی کوردی زۆر خۆشە کە وای کردووە کێشم زیاد بێت، بێگومان دۆڵمە خۆشترین خواردنە.