ماجد شنگالی: سێ یەکەمەکانی هەرێمی کوردستان مافی خۆیانە لە سەر بودجەی عێراق دابمەزرێن

ماجد شنگالی سەرۆکی لجنەی تەندروستی پەرلەمانی عێراق
ماجد شنگالی سەرۆکی لجنەی تەندروستی پەرلەمانی عێراق

K24 - هەولێر

ماجد شنگالی سەرۆکی لجنەی تەندروستیی پەرلەمانی عێراق دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی هەرێمی کوردستان مافێکی ڕەوایە، چونکە مافی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کەوتووتە ناو یاسای بودجەی گشتیی عێراق، بەڵام پرۆسەکە پێویستی بە هەماهەنگییە لە نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵا و تو‌ێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەنجوومەنی خزمەتی فیدراڵی عێراق بۆ ئەوەی پرۆسەکە بەشێوەی دروست و یاسایی بەڕێوە بچێت.

ماجد شنگالی گوتیشی: هیچ ڕەوایەتیی و لۆجیکێک نییە کە ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2014ـەوە 682 هەزار مووچەخۆر بێت و هیچ دامەزراندنێک بۆ نەکرا بێت، ئێستاش کە بابەتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خراوەتە ناو بودجەی گشتی عێراق فیدراڵ، هەربۆیە کاتی خۆیەتی ڕێژەیەکی دامەزراندن لە هەرێمی کوردستان بکرێت وەک ئەوەی لە هەموو عێراق دەکرێت، چونکە تەنیا لە ساڵی ڕابردوو نزیکەی یەک ملیۆن کەس لە عێراق دامەزرێندراون.

هەروەژها ئاشکرای کرد لە سەرتاسەری عێراق سێ یەکەمەکان مافی دامەزراندنیان هەیە و نزیکەی 72 هەزار دەرچوو دامەزراون، ئەمە مافێکی ڕەوای سێ یەکەمەی هەرێمی کوردستانیشە دابمەزرێن کە ژمارەیان نزیکەی شەش هەزار کەس دەبێت، بەڵام کاتی پێویستە و دەبێت بەردواداچوونی بۆ بکرێ تا وەکوو دامەزراندنەکان بخرێتە سەر بودجەی گشتیی عێراق بۆ ئەوەی هیچ بارگرانییەک بۆ دابینکردن و خەرجکردنی مووچەکانیان نەکەوێتە سەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

سەرۆکی لیجنەی تەندروستیی پەرلەمانی عێراق ڕاشیگەیاند، ناکرێت تەنیا دامەزراندن لە کەرتی گشتیی بێت، چونکە چارەی دۆخەکە ناکات، بۆیە دەبێت دەرفەتی کار لە کەرتی تایبەت زیاتر بڕەخسێنرێت، چونکە کەرتێکی وەک تەندروستی ناکرێت پشتگوێ بخرێت و هەر دەبێت بەردەوام بەش و پێویستییەکانی بە دامەزراندنی نوێ پڕ بکرێتەوە. وەک ئەوەی لە عێراق دامەزراندنیان ناچارییە.