ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕێگرن لە دابەزینی هەڵاوسان لەسەر ئاستی جیهان

دۆلاری ئەمەریکی
دۆلاری ئەمەریکی

K24 - هەولێر

لە دوو ساڵی ڕابردوودا ڕێژەی هەڵاوسانی گشتیی لەسەر ئاستی جیهان دابەزیوە، بەمەش نرخی کاڵاکان کەم بووەتەوە، بەڵام بانکی نێودەوڵەتی ڕایدەگەیەنێت، ئێستا هەڵاوسان لە ئاستێکی جێگیردا ماوەتەوە.

بانکی نێودەوڵەتی ڕایدەگەیەنێت نرخی کاڵا جیهانییەکان جێگیر بووە دوای دابەزینێکی بەرچاو کە ڕۆڵێکی سەرەکی بینی لە دابەزینی هەڵاوسانی گشتیی لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، بەڵام تاڕادەیەک ئاڵنگاری لە بەردەم بانکە ناوەندییەکاندا دروست کردووە، کە خوازیارن ڕێژەی سووی بانکیی بە خێرایی کەم بکەنەوە، لە هەمانکاتدا ململانێکانی ئەم دواییەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەتوانێت دابەزینی ڕێژەی هەڵاوسانی جیهان بوەستێنێت کە لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بەدی هاتووە.

بانکی نێودەوڵەتی ڕوونی دەکاتەوە، لە ناوەڕاستی  ساڵی 2022 تا نیوەی یەکەمی ساڵی 2023 نرخی کاڵا جیهانییەکان بەڕێژەی ٪40 دابەزیوە، کە ئەمە یارمەتیدەر بووە لە دابەزینی ڕێژەی هەڵاوسانی جیهانی لە نێوان 2022 بۆ 2023 بە ئەندازەی ٪2، بەڵام لە ناوەڕاستی 2023ـەوە نرخی کاڵاکان وەک خۆی ماونەتەوە.

بە گریمانەی وەستانی قەبارەی بارگژییەکان، بانکەکە پێشبینی دەکات، نرخی کاڵاکانی جیهانیی لە ساڵی  2024 بە ڕێژەی ٪3 دادەبەزێت و، لە ساڵی 2025  بەڕێژەی ٪4 دابەزین بەخۆیەوە دەبینێت، بەڵام لە هەمان کاتدا ڕێژەی هەڵاوسان لەسەرووی ئامانجی زۆربەی بانکە ناوەندییەکان دەمێنێتەوە.

ئیندەرمیت گیل، جێگری یەکەمی سەرۆکی بانکی نێودەوڵەتی، دەڵێت، هەڵاوسانی جیهان بە بەهێزی ماوەتەوە، هێزی سەرەکی دابەزینی هەڵاوسان کە دابەزینی نرخی کالاکانە گەیشتووەتە روبەڕووی بەربەست بووەتەوە، کە ڕەنگە پێچەوانەی پێشبینییەکان پێویستە بکات رێژەی سووی بانکی بۆ ئەمساڵ و ساڵی داهاتوو زیاتر لەوەی پێشبینی دەکرا بمێنێتەوە.

گرژی و ئاڵۆزییەکانی دوو ساڵی ڕابردوو، نرخی نەوت و زۆرێک لە کاڵاکانی دیکەی بەرز کردووەتەوە، ئەمە لەکاتێکدا گەشەی ئابووریی جیهان سستی بەخۆیەوە بینیوە. سەرەتای مانگی نیسان نرخی بەرمیلێک نەوتی خاو گەیشتە ئاستەکانی 91 دۆلار، ئەمەش نزیکەی 34 دۆلار زیاترە لە تێکڕای نرخی نەوت لە نێوان ساڵانی 2015 بۆ 2019.

بانکی نێودەوڵەتی پێشبینی دەکات ئەگەر قەبارەی گرژییەکان فراوان نەبێت، نرخی نەوت بۆ ساڵی  2024 بە تێکڕا 84 دۆلار بێت و، لە 2025 نرخەکەی 79 دۆلار بێت، بەڵام ئەگەر ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر پەرەبسەنێت، بە پچڕانی خستنەڕوووی نەوتی خاو بۆ بازاڕەکان جیهان، دەتوانێت هەڵاوسانی جیهان زیاتر بەرز بکاتەوە، پچڕانەکە لە ئاستی مامناوەند دابێت ئەوا نرخی نەوت بۆ 92 دۆلار لە ماوەی ئەمساڵ بەرز دەکاتەوە، بە ئەگەری پچڕانی قوڵ، نرخی نەوت دەگەیەنێتە سەرووی 100 دۆلار و هەڵاوسانی جیهان لە 2024 بە نزیکەی 1٪ زیاد دەکات. لەهەمان کاتدا بەرزبوونەوەی نرخی گازی سروشتی و پێداوسیتیەکان و خۆراکیشی لێ دەکەوێتەوە، بە تایبەت لە کاتێکدا ناوچەکە دابینکارێکی گرنگی گازی سروشتی بۆ بازاڕەکانە و ٪20ی گازی سروشتیی جیهان بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕێت.