دادگەی فیدراڵی لە سەر داخستنی نوێنەرایەتییەکانی وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە

دادگای فیدرالی عێراق
دادگای فیدرالی عێراق

K24 - هەولێر

بڕیارە ئەمڕۆ دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق یەکەم دانیشتنی لەسەر سکاڵای داخستنی نوێنەرایەتییەکانی وەزارەتی پەروەردەی فیدراڵی لە پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی بەڕێوەببات کە تا وەکوو  ئێستا کاری نوێنەرایەتییەکان ڕاییکردنی کاروباری قوتابییانی خانەوادە ئاوارەکانی عێراقە کە لە کەمپ و شارەکانی هەرێمی کوردستان نیشتەجێ بوون.

بەگوێرەی کارنامەی دانیشتنی ئەمڕۆی دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق، دانیشتنی ئەمڕۆیان لەسەر سکاڵایەک دەبێت کە لە دژی سەرۆک وەزیران و وەزیری پەروەردەی حکوومەتی فیدراڵی تۆمارکراوە، دژی بڕیاری داخستنی نوێنەرایەتییەکانی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی عێراق لە کەمپەکانی ئاوارە عێراقییەکانی لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێ بوون.

سکاڵاکە دژی بڕیارەکەی وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراقە بۆ داخستنی نوێنەرایەتییەکانی وەزارەتی پەروەردە لە هەرێمی کوردستان کە کارییان ڕاییکردنی کاروباری ئەو قوتابییە ئاوارانەیە بەهۆی شەڕی داعشەوە ئاوارەی هەرێم بوون و خانەوادەکانی بە هەر هۆکارێکی سیاسیی، ئەمنیی یان تایفی ناوێرن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی پەروەردەی عێراق بڵاویکردووەتەوە، نزیکەی 148 هەزار قوتابی ئاوارەی لە نوێنەرایەتییەکانی وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە 24 کەمپی سنووری هەرێمی کوردستان و شارەکانی هەولێر و دهۆک و سلێمانی درێژە بەخوێندن دەدەن و لەلایەن وەزارەتی پەروەردی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بینای قوتابخانەیان بۆ دابینکراوە.

قوتابییە ئاوارەکان و مامۆستاکانیان کە لە کەمپ و شارەکانی هەرێمی کوردستان نیشتەجێ ڕۆژی 29ی شوباتی ئەمساڵ لەبەردەم بارەگای ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان گردبوونەوەیەکی ناڕەزایی دەربڕینیان ڕێکخست و ڕاگەیەندراێکیان خوێندنەوە و ئاماژەیاندا "زۆرینەی ئێمە لە ماوەی داگیرکارییەکانی داعش و لێکەوتەکانی بەدۆخێکدا تێپەڕین، کە هیچ شتێکمان لە ناوچەکانمان نەماوە، هەربۆیە ناچارکردنمان نە گەڕانەوە دەچێتە چوارچێوەی ڕاگواستنێکی زۆرەملێ، بە تایبەت ئاوارەکانی نیشتەجێی کەمپەکان، کە ژمارەیان 24 کەمپ دەبێت و لەم کاتە و دۆخەدا بەهۆکاری ئەمنی ناتوانین بگەڕێینەوە، بەهۆکارەکانی بوونی گرووپە چەکدارەکان، نەبوونی خزمەتگوزاریی و کەمی هەلی کارکردن، جیا لەمانەش چەندین کێشەی عەشایەری هەن، بۆیە داوای مافە دەستوورییەکانمان دەکەین و لە ماددەی 33ی دەستووردا هاتووە، پەروەردە و فێرکردن مافی تەواوی عێراقییەکانە بە دروستکردنی قوتابخانە و ناوەندە رۆشنبیرییەکان، هەروەها لە ماددەی 34دا هاتووە، مافی خوێندن و فێربوون بۆ تەواوی عێراقییەکانە بەبێ بەرانبەر و بە خۆڕایی لە تەواوی قوتابخانە، زانکۆو پەیمانگەکانی، زیاتر لە 148 هەزار قوتابی لە قۆناخە جیاوازەکانی خوێندن سوودمەندن لەو خزمەتگوزاریانەی وەزارەتی پەروەردەی عێراق پێشکەشیان دەکات، کە زۆرینەی ئەو خێزانانەی سوودمەندن، هاووڵاتییانی هەژار و کەمداهاتن، کە ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، بەهۆکاری ئەو مەترسیی و دۆخەی لە ناوچەکانیان تووشی بوون، بۆیە لەم دۆخەدا زیاتر لە 350 هەزار ئاوارە ناتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان بە تایبەتی لە کاتێکدا هێشتا رێککەوتننامەی شنگال جێىەجێ نەکراوە".

هەروەها داوایان لە حکوومەتی عێراق کرد "هاوکارییە ئەمنی و مرۆییەکان بۆ تەواوی ئاوارەکانی نیشتەجێی کەمپەکان و دەرەوەی کەمپەکان دابین بکات بۆ ئەوەی کەشێکی گونجاو بڕەخسێنێت بۆ گەڕانەوەی خۆویستانەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان. بەڵام بە داخستنی نووسینگەی نوێنەرایەتییەکانی پەروەردەی عێراق و کەمپەکان و بەبێ چارەکردنی کێشەی ئاوارەکان، دەرگای کێشەیەکی گەورەتر دەکاتەوە، بە تایبەت خەڵکی شنگال و جورفولسەخر بە ناچاری دەبێت لە کەمپەکان بمێننەوە".