بۆ یەکەمجار سیستەمی "G.P.S" لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان بەکاردێت بۆ بواری گواستنەوەی کاڵا

ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان
ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر

وەزیری گواستنەوە و گەیاندن هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، سیستەمی "ئەتمەتە" بەکاردێت بۆ بواری گواستنەوەی کاڵا، لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتانی دراوسێ و کەنداو.

ئەمڕۆ سێشەممە، 30ـی نیسانی 2024، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بۆ یەکەمین جار سیستەمی "ئەتمەتە" بەکاردێت بۆ بواری گواستنەوەی کاڵا، لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی گواستنەوە لە بەغدا، کە گشت دەروازەکانی عێراقی فیدراڵ دەگرێتەوە.

بە گوتەی ئەو وەزیرە، "ئەم پڕۆژەیە تەنیا لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 300 هەلی کار دەرەخسێنێت بۆ گەنجان، دەتوانین بەشێوەیەکی ئەلیکترۆنی بە "ئەتمەتە"، ئەو بارهەڵگرانەی کە دێنە ناو خاکی هەرێمی کوردستان لە دەروازەکانەوە، بەشێوەی ترانزێت  و بەشێوازی خۆیان و ئەلیکترۆنی چاودێری دەکرێن و هاوکاری دەزگاکانی ئاسایش و ئەمنی دەکرێت، هەروەها بتوانرێت بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی کاڵاکانیشیان نیشان بدرێت".

ئانۆ جەوهەر گوتیشی: "ئەم پڕۆژەیە لەپێناو هەماهەنگی و بەرژەوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق و وڵاتانی دراوسێ و کەنداودایە".