ڕەغد بیرەوەرییە دەستنووسەکانی باوکی لەکاتی زیندانیبوونی دا بڵاودەکاتەوە

پەڕەیەک لەدەستنووسەکەی سەرۆکی پێشووی ڕژێمی عێراق "سەدام حوسێن"
پەڕەیەک لەدەستنووسەکەی سەرۆکی پێشووی ڕژێمی عێراق "سەدام حوسێن"

K24 - هەولێر

ڕەغدی کچی دیکتاتۆر و سەرۆکی پێشووی ڕژێمی عێراق سەدام حوسێن، ڕایگەیاند، هەندێک لە یادەوەرییەکانی باوکی بڵاودەکاتەوە کە لەکاتی دەستبەسەربوونی لەلایەن هێزەکانی ئەمەریکاوە نووسیویەتی.

ئەو هەواڵە دوای 18 ساڵ لە سێدارەدانی سەدام حوسێن دێت، کە لە کانوونی یەکەمی 2006 بەسەریدا جێبەجێکرا، هەروەها مشتومڕێکی زۆریشی لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەدوای خۆیدا هێنا.

ڕەغد سەدام لە پۆستێکدا لەپلاتفۆرمی "ئێکس" کە ئاراستەی باوکی دەکات و نووسیویەتی "ئەمڕۆ بڕیارمدا دەست بکەم بە بڵاوکردنەوەی بەشێکی بچووک لە بیرەوەرییەکانی تۆ،  چونکە دەزگاکانی بڵاوکردنەوە هۆشدارییان هەیە لەسەر بڵاوکردنەوەیان.

 دەشلێت: ئێمە بیرەوەرییە تایبەتییەکانت بلاودەکەینەوە کە لە کاتی دەستبەسەرکردنتدا لەلایەن هێزە ئەمەریکا لە عێراقدا نووسیوتە.

ئەمەریکا لە مانگی ئاداری 2003 هێرشی کردە سەر عێراق،  سەرۆکی ئەمەریکا جۆرج بوش گوتی: دەیەوێت کۆتایی بە پشتیوانی سەدام حسێن بۆ تیرۆر بهێنێت.

 سەرۆککۆماری پێشووی عێراق بەهۆی چڕبوونەوەی هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر ئەو وڵاتە هەڵات، دوای چەند مانگێک سەربازە ئەمەریکییەکان لە چاڵێکی بچووکدا دۆزیانەوە کە خۆیی تێدا حەشاردابوو، شوێنەکەش لە شاری دورە لە پارێزگای سەلاحەددین بوو.

 سەدام حسێن بە چەندین تۆمەت دادگایی کرا، لەوانە تاوانی جەنگ، جینۆساید و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و لە تشرینی دووەمی 2006دا دادگاییکردنەکەی کۆتایی هات و سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.