گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن وادەی کۆتاییهاتنی شەپۆلی بارانی ڕاگەیاند

دیلان ڕەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
دیلان ڕەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان دەڵێت، شەپۆلی بارانبارین تا دووشەممەی داهاتوو بەردەوام دەبێت. دەشڵێت، بارانە بەخوڕەکە ڕۆژانی پێنجشەممە و هەیینی دەبارێت.

ئەمڕۆ سێشەممە، 30-04-2024، دیلان ڕەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "ئەو شەپۆلە بارانبارینەی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، تا ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو، 06-05-2024 بەردەوام دەبێت".

گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، کاریگەریی ئەو شەپۆلەی باران بارین، لەمڕۆ سێشەممەوە "بە لاوازی دەست پێ دەکات و ڕۆژی دووشەممەی داهاتووش، 06-05-2024، بە لاوازی کۆتایی دێت".

وەکو ئەوەی دیلان ڕەشاد ئاماژەی پێ دا، بارانبارینە بەخوڕ و بەلێزمەکە، لە هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ڕۆژانی پێنجشەممە و هەیینی داهاتوو، 02 بۆ 03-05-2024. گوتیشی، "بەهۆی بارانەوە، کاریگەریی ئەو خۆڵبارینەی هەرێمی کوردستانی گرتبووەوە، کەم بووەتەوە".

بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، "پێشبینی کراوە، لە سنووری هەردوو پارێزگای هەڵەبجە و کەرکووک و ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەرین، ئاستی بارانبارین بەراورد بە شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان زیاتر بێت و مەترسی هەڵسانی لافاو لەو شوێنانە هەیە".

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی:

هەولێر: 25

سلێمانی: 24

دهۆک: 25

زاخۆ: 25

هەڵەبجە: 25

کەرکوک: 27

سۆران: 23

حاجی ئۆمەران: 15

گەرمیان: 29