ئومێد ئه‌حمه‌د بۆ كوردستان24: دۆخی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە

K24 – هەولێر:

ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ی راگەیاند، ئەگەر ئەمشەو بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر دەست پێ بکاتەوە، ئەوا وەزارەتی کارەبا پێویستی بە 24کاتژمێر هەیە بۆ ئەوەی دۆخی کارەبا لە هەرێمی کوردستان ئاسایی بکاتەوە و بگەڕێتەوە دۆخی پێشتر.

ڕۆژی هەینی (26ـی نیسانی 2024) هێرشێکی درۆنی کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر و لە ئەنجامدا چوار کارمەندی یەمەنی له‌ کێڵگەكه‌ کوژران و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون، ئەمەش دووەم هێرشی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر بوو لەمساڵدا.

دوای هێرشەکەش، هەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سرووشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئاگادارییەک بۆ هاوبەشانی کارەبا ئاماژەیان بەوەکرد: "بەهۆی هێرشێکی درۆنی بۆ سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، ناردنی گاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی کارەبا راوەستاوە و بەهۆیەوە نزیکەی 2500 مێگاوات کارەبا کەم بووەتەوە".

ڕۆژی هەینی (26ـی نیسانی 2024) پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: دەستی خراپەکاری و تێکدەرانە جارێکی دیکە لە کردەوەیەکی تیرۆریستیدا کێڵگەی گازی کۆرمۆریان کردە ئامانج.