لە هەولێر، نرخی کارەبای مووەلیدە بۆ مانگی نیسان دیاری کرا

کارکردنی مووەلیدە ئەهلییەکان
کارکردنی مووەلیدە ئەهلییەکان

K24 – هەولێر:

نرخی کارەبای مووەلیدە ئەهلییەکان بۆ مانگی نیسان لە سنووری پارێزگای هەولێر دیاری کرا و سەرۆکی ئەنجوومەنی مووەلیدە ئەهلییەکانی پارێزگای هەولێرش ڕایگەیاند: لە مانگی نیسان، کەمترین کارکردنی موەلیدەکان 150 کاتژمێر بووە و زۆرترین کارکردنیشیان 305 کاتژمێر بووە.

ڕۆژی سێشەممە (30ـی نیسانی 2024) خۆران خۆرانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی مووەلیدە ئەهلییەکانی پارێزگای هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بۆ مانگی 4ـی 2024، لە سەنتەری شار و سنووری پارێزگای هەولێر، نرخی یەک ئەمپێر کارەبا لە نێوان شەش هەزار و 250 دینار بۆ 12 هەزار و 500 دینار دیاری کراوە.

لەبارەی ماوەی پێدانی کارەبا لەلایەن مووەلیدە ئەهلییەکان لە مانگی نیسان، خۆران خۆرانی ئاماژەی بەوە کردووە: کەمترین ماوەی پێدانی کارەبا، 150 کاتژمێر بووە و زۆرترین ماوەی کارکردنی مووەلیدە ئەهلییەکانیش 305 کاتژمێر بووە، واتە نرخی یەک کاتژمێری کارەبای مووەلیدەکان لەو مانگە بە (41 دینار) دیاری کراوە.

هەروەها لەبارەی ئەو مووەلیدانەی بەشێوەی 24 کاتژمێری کە هەرکات کارەبای نیشتمانی بڕابێت، کاریان کردووە بۆ پێدانی کارەبا بە هاووڵاتییان، نرخی ئەمپێرێک کارەبا لە نێوان 13 هەزار دینار بۆ 15 هەزار دینار دیاری کراوە.