وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ كوردستان24: ئاگاداریی هه‌وڵه‌كانی سەرۆکی هەرێمین بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن

K24- هەولێر:

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژە بە هەوڵەکانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەدات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە.

ڤێدانت پاتێل، جێگری گووتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە وەڵامی پەیامنێری کوردستان 24 تایبەت بە پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، ئاگاداری ئەوەن سەرۆکی هەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسییەکانی دیکە لە هەوڵدان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن.

جێگری گووتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا داوای هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە لە کاتێکی گونجاودا دەکات.

دواى ئەوەى تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی هات، رۆژی 9ـی تشرینى یەکەمى 2022، پەرلەمانى کوردستان یاسای ژمارە 12ى درێژکردنەوەى خولى پێنجەمی پەسند کرد. دواتر رۆژی 22ى ئایارى 2023 پەرلەمانی کوردستان بڕیارى کاراکردنەوەى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمى کوردستانی دا، بەڵام دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق ئەو کاراکردنەوەیەشی بە نایاسایی ناساند.

ساڵی 1992 یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە چوو. ساڵی 2004 یاسای هەڵبژاردن هەموارکرایەوە و ماددەی نۆیەمی یاساکە کە باسی لەوە دەکرد "هەرێمی کوردستان لە چەند ناوچەیەکی هەڵبژاردن پێک بێت" لابرا و هەرێمی کوردستان هەمووی کرایە یەک بازنەی هەڵبژاردن.