توێژینه‌وه‌یه‌ك: شێوازی ژیانی تەندروست، ته‌مه‌نی مرۆڤ درێژ ده‌كات
K24- هەولێر:
توێژینه‌وه‌یه‌كی نوێ ئاماژه به‌وه ده‌كات شێوازی ژیانی تەندروستی هه‌ر كه‌سێك به ڕێژه‌یه‌كی به‌رز كاریگه‌ریی جینەکانی بۆماوەیی قەرەبوو دەکاتەوە و ته‌مه‌نی مرۆڤ بۆ چه‌ند ساڵێكی دیكه درێژ دەکات.
توێژینه‌وه‌یه‌كی نوێ كه یه‌کەم توێژینه‌وه‌ی له‌م جۆره‌یه، تیشك ده‌خاته سه‌ر ژیانی مرۆڤ و شێوازی ژیانی ته‌ندروست بۆ هه‌ر كه‌سێك، به شێوه‌یه‌ك شێوازی ژیانی مرۆڤ به ڕێژه‌ی 62% كاریگه‌ریی جینەکانی بۆماوەیی قەرەبوو دەکاتەوە و پێنج ساڵی دیکەی تەمەنی مرۆڤ درێژ دەکات.
ئه‌م توێژینه‌وه‌یه كه له ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی بڵاو بووه‌ته‌وه، ئاماژه به‌وه ده‌كات، باشترکردنی شێوازی ژیانی تەندروست وەک تەواوکەرێکی بەهێز دەبێت بۆ چاودێریی تەندروستی كلاسیكی و کەمکردنەوەی کاریگەریی هۆکارە بۆماوەییەکان لەسەر تەمەنی مرۆڤ.
هه‌روه‌ها ڕوونیشی كردووه‌ته‌وه، هۆکارەکانی شێوازی ژیان وەک جگەرەکێشان، خواردنەوەی کحوول، خۆراک و چالاکیی جەستەیی دەتوانن کاریگەرییان لەسەر تەمەن درێژی هەبێت. ده‌شڵێت، ئارامگرتن و له‌سه‌رخۆیی و نه‌رمونیانی و مامه‌ڵه‌ی دۆستانه له‌گه‌ڵ مرۆڤ و سروشت و بوونه‌وه‌ر، ڕووخۆشی و ده‌مبه‌خه‌نده‌یی هۆكاری گرنگن بۆ ته‌ندروستی مرۆڤ و كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ته‌مه‌نی مرۆڤ هه‌یه.
توێژینەوەکە کە ماوەی 13 ساڵی خایاندووه و 353 هه‌زار و 742 كه‌س به‌شدارییان تێدا كردووه، ئه‌وانه‌ی شێوازی ژیانیان ته‌ندروسته، توانیویانه كاریگه‌ریی جینه‌كانی بۆماوه‌یی له‌سه‌ر خۆیان كه‌م بكه‌نه‌وه و له ئه‌نجامیشدا ده‌ركه‌وتووه، به‌م هۆیه‌وه ته‌مه‌نیان درێژ ده‌بێت.
هاوکات توێژەرانی زانکۆی ژێجیانگ لە قوتابخانەی پزیشکی لە چین و زانکۆی ئەدینبۆرگ بۆیان دەرکەوتووە ئەو کەسانەی کە شێوازی ژیانێکی ناتەندروستیان هه‌یه، ئەگەری مردنی پێشوەختەیان بە ڕێژەی 78% هه‌یه، بەبێ گوێدانە مەترسییە بۆماوەییەکانیان.