ئۆكرانیا مۆنیومێنتێک هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه‌ كه‌ گوزارشت له‌ په‌یوه‌ندیی چه‌ندان سه‌ده‌ له‌گه‌ڵ ڕووسیا ده‌كات

په‌یكه‌ری دۆستایه‌تی نێوان ئۆكرانیا و ڕووسیا له‌ كیێڤ
په‌یكه‌ری دۆستایه‌تی نێوان ئۆكرانیا و ڕووسیا له‌ كیێڤ

K24- هەولێر:

ئۆكرانیا مۆنیومێنتێك هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه‌ گوزارشت له‌ په‌یوه‌ندیی چه‌ندان سه‌ده‌ی نێوان ڕووسیا و ئۆكرانیا ده‌كات و به‌ یه‌كێك له‌ شوێنه‌واره‌كانی سه‌رده‌می یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت داده‌نرێت.

ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێكه‌ شاره‌وانیی كیێڤ ده‌ستی كردووه‌ به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ و هه‌ڵگرتنی ئه‌و مۆنیومێنته‌ی له‌ ناوه‌ڕاستی شاره‌كه‌ دانراوه‌ و گوزارشت له‌ په‌یوه‌ندیی چه‌ندان سه‌ده‌ی نێوان ڕووسیا و ئۆكرانیا ده‌كات؛ نه‌خاسمه‌ کە په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا بۆ ساڵی 1654ـی زایینی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی شاره‌وانیی كیێڤ ڕایگه‌یاندووه‌، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ و هه‌ڵگرتنی ئه‌و مۆنیومێنته‌ كه‌ له‌ قوڕی سووركراوه‌ دروست کراوە و له‌ 20 پارچه‌ پێك هاتووه‌، چەند ڕۆژێکی دەوێت.

یادگارییەکە بریتییە لە چه‌ندان پەیکەر کە سوارچاکه‌ ئۆكرانییه‌كانی ناو له‌شكری ڕووسه‌كان به‌ فه‌رمانده‌یی بۆهدان خمێلنیتسکی و باڵیۆزی مۆسکۆ پیشان دەدەن.

یادگارییەکە دەکەوێتە ژێر باڵەخانەیەکی شێوە کەوانەیی لە نزیک کەناری ڕووباری دنیپرۆ، کێشی هه‌ر په‌یكه‌رێك لە نێوان 6 بۆ 7 تۆن دایه‌ و بۆ مۆزەخانەی فڕۆکەوانی دەگوازرێنەوە.

ئەم شوێنەوارە لە ساڵی 1982 بۆ یادکردنەوەی "یەکگرتنی گەلی ئۆکرانیا لەگەڵ گەلی ڕووسیا" لە ساڵی 1654 دروست کراوە، ئەو ساڵەی خمێلنیتسکی لەگەڵ قه‌یسه‌ری ڕووس هاوپەیمانی کرد بۆ جه‌نگان له‌ دژی ئیمپراتۆریەتی پۆڵەنیی – لیتوانی.