حکوومەتی بەریتانیا: تا کۆتایی ئەمساڵ زیاتر لە پێنج هەزار کۆچبەر ڕەوانەی ڕوواندا دەکەین

K24 - هەولێر

حکوومەتی بەریتانیا ڕایگەیاند، تا کۆتایی ئەمساڵ پێنج هەزار و 700 کۆچبەر نایاسایی رەوانەی ڕوواندا دەکەن.

حکوومەتی بەریتانیا پلانی ناردنی کۆچبەر نایاسایی بۆ وڵاتی ڕوواندای ئەفریقا بڵاوکردەوە، بەگوێرەی پلانەکە پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی ئەمساڵ پێنج هەزار و 700 پەنابەر ڕەوانەی ڕوواندا بکرێن.

هاوکات، پلانی ناردنی پەنابەران بەوە دەستپێدەکات هەر کۆچبەرێک لەو پەنابەرانەی داوای مافی پەنابەرێتییان ڕەتکرابێتەوە و ئامادەبن بە خواستی خۆیان بچنە ڕوواندا سێ هەزار پاوەندییان پێدەدرێت.

پێشبینی دەکرێت، لە ماوەی 10 هەفتەی داهاتوودا حکوومەتی بەریتانیا دەست بە ناردنی کۆچبەرانی نایاسایی بۆ ڕوواندا بکات.

پلانی ڕوواندا کە لە نیسانی 2022 هاتە ئاراوە، لەلایەن وەزارەتی نێوخۆی بەریتانیا کاری لەسەر کراوە، رێککەوتنێک بوو لەگەڵ حکومەتی ڕوواندا.

بەگوێرەی رێکەوتنەکە، لە بەرامبەر وەرگرتنی ملیۆنان پاوەندی بەریتانی، ڕوواندا ئامادەیی خۆی نیشاندا لە وەرگرتنی کۆچبەرەکان.

لە مانگی حوزەیرانیش، دادگەی تێهەڵچوونەوەی بەریتانیا بە زۆرینەی دەنگ رەوانەکردنی کۆچبەرانی لە بەریتانیاوە بۆ ڕوواندا بە "نایاسایی" ناساند و رایگەیاند، "ڕوواندا وەکو وڵاتی سێیەم بۆ کۆچبەران سەلامەت نییە".

دادوەرەکان ڕایانگەیاند، "کەموکوڕییەکانی سیستمی پەنابەریی ڕوواندا دەبێتە هۆی ئەوەی هەر کۆچبەرێک کە لە بەریتانیاوە رەوانەی ڕوواندا بکرێت، دەنێردرێتەوە بۆ وڵاتی خۆی و لەوێ رووبەڕووی گۆشەگیری و مامەڵەی نامرۆڤانە دەبێتەوە".

ناردنی کۆچبەران بۆ ڕوواندا، بە گوتەی دادوەرەکانی دادگەی تێهەڵچوونەوەی بەریتانیا، پێشێلکردنی بڕگەی 3ـی یاسای مافی مرۆڤی ئەوروپییە، کە ئاماژە بەوە دەکات، "نابێت هیچ کەسێک ئەشکەنجە بدرێت و رووبەڕووی مامەڵەی نامرۆڤانە ببێتەوە".

هاوکات، حکوومەتی ڕوواندا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "سەرەڕای بڕیارەکەی دادگەی تێهەڵچوونەوەی بەریتانیا، ئێمە پابەندین بە رێککەوتنەکەمان لەگەڵ حکوومەتی بەریتانیا". بەپێی رێککەوتنەکە؛ دەبوایە بەریتانیا کۆچبەران بنێرێتە ڕوواندا و لە بەرامبەریشدا ئەو وڵاتە 140 ملیۆن پاوەندی ئیستەرلینی لە لەندەن وەربگرێت.

بەڵام دوای مانگێک، لە تەممووزی 2023، پەرلەمانی بەریتانیا بە زۆرینەی دەنگ، یاسای پەیوەست بە کۆچی نایاسایی پەسەند کرد. بەو پێیەش، لەمە بەدواوە، هەرکەسێک بە بەلەم و بە رێگەی نایاسایی و قاچاخ پێ بنێتە نێو خاکی بەریتانیا، لە مافی پەنابەرێتی بێبەش دەکرێت و دیپۆرت دەکرێتەوە.

میدیای بەریتانیا دەڵێت، "ساڵی 2023 زیاتر لە 27 هەزار کۆچبەر بە رێگەی "بەلەم و بارهەڵگر" چوونەتە نێو خاکی بەریتانیا. ئیدارەی ریشی سووناک، سەرۆکوەزیران پێیوایە هاتنی ئەو ژمارە زۆرەی کۆچبەران بارگرانییەکی زۆر دەخاتە سەر حکوومەت بۆ نیشتەجێکردن و حەواندنەوەی ئەو هەموو خەڵکە. هەروەها، بەپێی چەند سەرچاوەیەکی خۆجێیی، ئیدارەی سوناک پێی وایە، ئەگەر ئەو یاسایە جێبەجێبکەن، سوناک لە هەڵبژاردنی داهاتوو پێگەی خۆی قایمتر دەکات."              

 بەگوێرەی یاساکە، هەموو ئەو کەسانەی بەشێوەیەکی "نایاسایی" بۆ بەریتانیا کۆچدەکەن، دیپۆرتی وڵاتێکی "ئارام"ی سێیەمی وەکو ڕوواندا دەکرێت بۆ ئەوەی ڕێگە لە پەنابەری نایاسایی بگرن.