چاودێرانی ئه‌منی: حکوومەتی عێراق لە كۆنتڕۆڵكردنی چەک شکستی هێناوه
K24- هەولێر
کوشتنی ژنە بلۆگەره‌كان، چالاكوانان و رۆژنامه‌نووسان لەعێراق خەریکە لە دیاردەوە دەبێتە حاڵەت، بکوژەکان ئەو کەسایەتییە ناودارانە دەکەنە ئامانج کە بە هەڵوێست و بۆچوونەکانیان مشتومڕی دەنێنەوە، به‌تایبه‌تی کوشتنی بلۆگەر ئوم فەهد، به‌بڕوای چاودێرانی ئه‌منی دووباره‌بوونه‌وه‌ی رووداوه‌كانی تیرۆركردن ئاماژەیە بۆ شکستی هەوڵە ئەمنییەکان بۆ كۆنتڕۆڵكردنی چەک.
رووداوه‌كانی تیرۆركردن له‌ڕێگه‌ی ده‌مانچه‌ی بێده‌نگ و به ماتۆڕسكیل له‌عێراق له‌دژی چالاكوانان، بلۆگه‌ران و رۆژنامه‌نووسان له هه‌ڵكشانه، ئه‌م رووداوانه كاریگه‌ری خراپی له‌سه‌ر ده‌روونی عێراقییه‌كان جێهێشتووه، به‌وه‌ی ترسیان له هه‌ر ماتۆڕسكیلێك هه‌بێت و هه‌ست به ئارامیی و سه‌لامه‌تی ژیانیان نه‌كه‌ن، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی له سۆشیال‌میدیادا زۆرترین ده‌ركه‌وتنیان هه‌یه.
رووداوی كوشتنی ئوم فەهد لە ناوچەی زەیونە، لە ناوه‌ندی بەغدا، لەلایەن کەسێکی چەکدارەوە ده‌نگدانه‌وه‌ی گه‌وره‌ی به‌دوای خۆیدا هێنا، ئوم فەهد لە دوو ساڵی رابردوودا چالاكانه له سۆشیال‌میدیا ده‌ركه‌وت، سه‌ڕه‌رای ئه‌و ره‌خنانه‌ی ده‌یگرت، له‌هه‌مانكاتدا پەیوەندی باشی لەگەڵ بەرپرسان و سەرکردە ئەمنییەکانیشدا هه‌بووه.
ڤیدیۆی کوژرانی ئوم فەهد، بە هەمان شێوەی کوشتنی ژنە بلۆگەرە عێراقییەکانی دیكه‌یه، لەوانە تارا فارس، كه‌ڕار نۆشی، نور بی ئێم، نۆرزان شەممەری، رەفیف یاسیری و ره‌شا ئەلحەسەن، جگە لە رۆژنامەنووسان، چالاکوانان، و لێکۆڵەران، لەوانە فاهم ئەلتایی و هیشام هاشمی، هەموویان به یه‌ك شێوازی تیرۆری رێكخراو كوژراون.
له‌و باره‌یه‌وه ئه‌یهه‌م ره‌شاد، چالاكوانی عێراقی بۆچوونی وایه، کوشتن لە عێراق بەردەوامە و ئەوانەی خاوەنی چەکن بە هەموو ئاراستەکاندا بەکاریدەهێنن، ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌رده‌خات حکوومەت لە كۆنتڕۆڵكردنی چەک شکستی هێناوه، ئێستا رووبەڕووی ئاڵنگاری دۆزینەوەی بكوژه‌كان و لێپرسینەوە لەو لایەنەی کە بکوژەکەی راسپاردووه، ده‌بێته‌وه.
به‌بڕوای پسپۆڕی كاروباری ئه‌منی، گەڕانەوەی دیمەنە ترسناکەکانی تیرۆرکردن بەسەر ژنە بلۆگەرە بەناوبانگەکانی عێراق و ده‌ربازبوونی بكوژان، بۆ تێکچوونی ئاسایش ده‌گه‌یه‌نێت، هەروەها دووبارەبوونەوەی رووداوەکان لە هەمان سیناریۆدا بەبێ رێگری ئەمنی، لاوازی ئاسایش و رێوشوێنه ئه‌منییه‌كان ده‌سه‌لمێنێ، به‌جۆرێك زۆربەی رووداوەکانی تیرۆرکردن لەڕێگەی ماتۆڕسکیلەوە ئه‌نجام ده‌درێت، تا ئەو رادەیەی عێراقییەکان لە بکوژانی سەر پاسکیل دەترسن، و ترسیان لە هەموو ماتۆڕسکیلێک هه‌یه.