ڕووداوێکی مێژوویی ناکۆکی لەنێوان شیعە و سوننەی عێراق دروستکردەوە

ئاڵای عێراق
ئاڵای عێراق

K24 - هەولێر

شیعەکان دەیانەوێت بە سوودوەرگرتن لە زۆرینەی پەرلەمانی ڕۆژی "غەدیر" وەک پشووی فەرمی و جەژن بناسێنن، سوننەکانیش دژی ئەم هەنگاوەن و وەک سەپاندنی بیروباوەڕی مەزهەبێک بەسەر مەزهەبەکانی دیکەی عێراق وەسف دەکەن.

ڕووداوێکی دیکەی مێژووی ناکۆکی خستەوە نێوان شیعە و سوننەی عێراق. شیعەکان دەیانەوێت بە کەڵک وەگرتن لە زۆرینەی پەرلەمانی ڕۆژی 18ی زیلحەجە کە پێی دەگوترێت ڕۆژی "غەدیر" بە فەرمی بکەنە پشووی فەرمی و جەژن، سوننەکانیش ئەم هەنگاوە بە سەپاندنی جەژنی مەزهەبێک بەسەر مەزهەب و ئاینەکانی دیکەی عێراق دەزانن.

بیرۆکەی ناساندی ڕۆژی غەدیر وەک پشووی فەرمی لە عێراق دەگەڕێتەوە بۆ موقتەدا سەدر کاتێک داوای لە باڵی سیاسی رەوتەکەی کە ئێستا خۆیان ناوناوە "رەوتی نیشتیمانی شیعی" کرد هەموو کارێک بۆ بە جەژن ناساندنی غەدیر بکەن.

غەدیر لای شیعەکان ڕۆژێکی پیرۆزە، چونکە بەپێی سەرچاوە مێژوویەکان لەو ڕۆژەدا لە ساڵی 10ی کۆچی لە ناوچەی غەدیری خوم پێغەمبەری ئیسلام ئیمامی عەلی وەک خۆشەویست و کەسی نزیک لە خۆی وەسفکردووە، بەڵام شیعە و سوننەکان ناکۆکیان لەبارەی ئەم فەرموودەیەوە هەیە.

دوای هەزار و 392 ساڵ شیعەکانی عێراق دەیانەوێت ئەم ڕۆژە وەک پشووی فەرمی لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق بناسێنن، بەڵام سوننەکان ئەم ڕایان لا پەسەند نییە و بە خۆسەپاندنی مەزهەبی دەزانن. هەندێک لێکدانەوەی دیکەش هەیە بەوەی هێنانە بەرباسی جەژنی غەدیر لەم کاتەدا لەلایەن موقتەدا سەدرەوە بۆ لێدانە لە رکەبەرە شیعەکانی، بەوەی ئەو لەهەمووان زیاتر لە خەمی ئاین و مەزهەبی خەڵکدایە.

لە بەرامبەردا پەرلەمانتار و کەسایەتییە سوننەکان نیگەرانن لە خستنەبەرنامەی کاری جەژنی غەدیر لە پەرلەمانی عێراق و لێکدانەوەکانی شیعە سەبارەت بەم رووداوە مێژووییە بە هەڵە دەزان، بەشێکیان داوادەکەن چارەسەری سێیەم بۆ دوورکەوتنەوە لە زیاتر تەشەسەندنی ئاگرەکە بدۆزرێتەوە، ئەویش ئەوەیە غەدیر لە پارێزگا شیعەکان بکرێتە پشوو، بەڵام لە پارێزگا سوننەکان و هەرێمی کوردستان دەوام ئاسایی بێت.

بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بە جەژن ناساندنی ڕۆژی غەدیر بخرێتە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە، چاودێرانیش هۆشاری لە سەرهەڵدانی قەیرانێکی نوێی تائیفی لە عێراق دەدەن.