وادەی چوونی یەکەم کاروانی حاجییانی هەرێمی کوردستان بۆ سعوودییە ڕاگەیەندرا
K24 - هەولێر
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرە ڕایدەگەیەنێت، کۆتایی مانگی ئایاری ئەمساڵ یەکەم کاروانی حاجییانی هەرێمی کوردستان دەچێتە وڵاتی سعوودییە و، هەموو ئامادەکارییەکانیان بۆ ئەو پرۆسەیە تەواو کردوون.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 01-05-2024، کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە کۆتایی مانگی ئایاری ئەمساڵ، یەکەم کاروانی حاجییانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی وشکانی و ئاسمانییەوە بەرەو وڵاتی سعوودییە بەڕێ دەکەوێت.
کاروان ستوونی گوتی، ڕۆژی سێشەممە، 28-05-2024، یەکەم کاروانی حاجییانی هەرێمی کوردستان کە ژمارەیان هەزار و 500 کەسە، لە ڕێگەی وشکانییەوە بەرەو وڵاتی سعوودییە بەڕێ دەکەوێت. ئاماژەی بەوەش کرد، ڕۆژی چوارشەممە، 29-05-2024، یەکەم کاروانی حاجییان کە ژمارەیان سێ هەزار و 185 کەسە لە ڕێگەی ئاسمانییەوە دەچێتە سعوودییە و، وابڕیارە تا 05-06-2024، هەمووان بگەنە ئەو وڵاتە.
تێچووی حەجی ئەمساڵ لە ڕێگەی هێڵی ئاسمانی ، 4800 هەزار دۆلارە (شەش ملیۆن و 350 هەزار دینار)، لە ڕێگەی وشکانیشەوە، 4000 دۆلارە (پێنج ملیۆن و 300 هەزار دینار). ستوونی روونی کردەوە، دوای هەوڵێکی زۆری وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی و بە پاڵپشتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تێچووی حەج لە هەرێمی کوردستان هاوتای تێچووی حاجییانی ناوچەکانی دیکەی عێراق کراوە.
بە گوتەی کاروان ستوونی، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی سعوودییە، شوێنی نیشتەجێبوون، خواردن، هاتووچۆ و چاودێریی تەندروستیی بەردەوام و پێشکەشکردنی رێنمایی ئایینی بۆ حاجییانی هەرێمی کوردستان دابین کردووە.
ئەمە لە کاتێکدایە لە ڕۆژانی 10 بۆ 12ـی حوزەیرانی 2023، چوار هەزار و 685 هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی وشکانی و ئاسمانییەوە بۆ بەجێگەیاندنی "فەریزەی حەج" چوونە شاری مەککە و، دوای نزیکەی مانگێک مانەوە، لە ماوەی نێوان 10-14ـی تەمموزی 2023، گەڕانەوە هەرێمی کوردستان.