ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان: لە کابینەی نۆیەمدا 138 هەزار کرێکار دەستەبەر کراوە

دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان
دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر:

لە ڕۆژی جیهانی کرێکاراندا، د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان بایەخی زۆری داوە بە باشترکردنی دۆخی کرێکاران لە هەموو بەشەکاندا.

د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بەوە کرد، لە ڕووی یاساییەوە پرۆژە یاسای كاری تایبەت بە هەرێمی كوردستان هەموو قۆناغەکانی بڕیوە لە پەرلەمان ڕەوانەی سەرۆكایەتیی هەرێمی کوردستان كراوە، بەمەبەستی پەسەند كردنی. هەروەها پڕۆژەیاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ڕەوانەی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران كراوە دواتر ڕەوانەی پەرلەمان دەكرێت بۆ دەرچوواندنی.

ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان هەروەها گوتی: "لە پلانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ بایەخێکی زۆر بە دۆخی کرێکاران و پاراستنی مافەکانیان دراوە و زۆر لە ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان جێبەجێ کراون. بەپێی دوایین ڕاپۆرتی بەراوردکاریى پلانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ، جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی بواری مافی كاركردن و بیمەی كۆمەڵایەتی کە بەشێکە لە مافە ئابووری و كۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکان، لە ساڵی 2022 بە ڕێژەی 42.9% ڕاسپاردەکان پێشڤەچوونی بەخۆیەوە دیت و لە ساڵی 2023 بە ڕێژەی 14.3% جێبەجێکراوە. بەم پێیەش جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی مافی كاركردن و بیمەی كۆمەڵایەتی لە پرۆسەی جێبەجێکردنی پلانەکە بە ڕێژەی زیاتر لە 57% کاری لەسەر کراوە.

ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئەوەشی روونکردەوە، لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان (18) لیژنەی کارا هەن و ژماره‌ی پڕۆژه‌ ده‌سته‌به‌ركراوه‌كان له‌ (165000) بوو به‌ (38500) پڕۆژە، لە هەمان کاتدا ژماره‌ی كرێكاری ده‌سته‌به‌ركراو له‌ (17000) و‌ بووه‌ به‌ (138000) كرێكاری ده‌سته‌به‌ركراو. له‌ ماوەی ‌(3) ساڵدا داهاتی ساڵانه‌ی سندوقی خانه‌نشینی و ده‌سته‌به‌ری له‌ (74) ملیار دیناره‌وه‌ بووه‌ به‌ (194) ملیار دینار واتا چه‌ندین جار زیادی كردووه‌ و ژماره‌ی كرێكاری خانه‌نشین کراو له‌ (160) کرێکارەوە بووەتە (4189) كرێكار.

لە لایەکی دیکەوە بۆ داکۆکی کردن لە مافی کرێکاران و چارەی کێشەکانیان (777) کێشەی کرێکاران لە ڕێگای سەندیکای کرێکارانەوە چارە کراون.

سەبارەت بە چاودێری کردنی ڕەوشی کرێکاران، ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان، گوتی: لیجنەکانی پشکنینی دەستەبەری کۆمەڵایەتی کە هەر لیژنەیەک لە پشکێنەرێک و نوێنەری ژووری بازرگانی و سەندیکای کرێکاران پێکدێن، سەردانی پڕۆژەکان دەکەن بۆ بەدواداچوونی و لە ماوەی رابردوودا (22651) سەردانیان هەبووە و ژمارەی کرێکارانی دەستەبەرکراو گەیەندراوەتە (13892) کرێکار، لە (27350) پرۆژەدا، هەروەها لە کۆتایی مانگی شوباتی 2024 لە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، ڕێنمایی ژمارە 11ی ساڵی 2023ـی تایبەت بە تەندروستی و سەلامەتی پیشەیی کە لە (12) ماددە پێک هاتووە، دەرچووە.

ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە بارەی خولەکانی مەشق و ڕاهێنانی پیشەیی ئاماژەی بەوە کرد: لاوان سوودمەند بوون لە خولەکانی مەشق و ڕاهێنانی پیشەیی لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان کە ژمارەیان لە ساڵی 2023 گەیشتووەتە (164) خول و  (2234) كەس لێی سوودمەند بوون. بە گشتی لە سێ ساڵی ڕابردوودا (441) خول  کراوەتەوە کە (6237) كەس لێی سووودمەند بوون.

سەبارەت بە هەوڵەکانی نەهێشتنی بێکاری ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئەوەی خستەڕوو: لە ساڵی 2019 تا 2022 دەستەی وەبەرهێنان (405) مۆڵەتی داوە بە (399) وەبەرهێنانی خۆماڵی، (3) بیانی، (3) هاوبەش، هەروەها دەستەی کار زیاتر لە (75000) هەلی کاری رەخساندووە. تەنیا لە ساڵی 2023دا (145) مۆڵەتی وەبەرهێنان بە (145) پڕۆژە دراوە لە سێکتەرە جیاجیاکان، دەستەی کار (8500) هەلی کاری ڕەخساندووە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان مەرجی ئەوەشی داناوە کە پێویستە (سەدا 75)ی کرێکارانی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان خۆماڵی بن.

سەبارەت بە ڕەخساندنی هەلی کار لە کەرتەکانی دیکە لە کابینەی نۆیەم، دیندار زێباری روونیکردەوە: لە کەرتی پەروەردە (16349) مامۆستا و فەرمانبەری دانەمەزراو هەلی کاریان بۆ ڕەخسێندراوە. لە کەرتی کشتوکاڵ (4212) کارگەی پیشەسازی مۆڵەتیان وەرگرتووە (13199) هەلی کاریان ڕەخساندووە، ژمارەى کارمەند و کرێکار لە کارگەکانی سەر بە وەزارەت گەیشتە 44203 کرێکار. هەروەها لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لە ساڵی 2023 بە هۆی زیادبوونی کارگەکان 49757 کەس هەلی کاریان بۆ ڕەخسێنرا.