شاخەوان عەبدوڵڵا: پێویستە حکوومەتی فیدراڵ دادگەرانە کار بۆ پاراستنی مافە ماددی و مەعنەوییەکانی کرێکاران بکات
K24- هەولێر
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوا لە حکوومەتی فیدراڵ دەکات، یەکسان و دادگەرانە کار بۆ پاراستنی مافە ماددی و مەعنەوییەکانی کرێکاران کە چینی زەحمەتکێشی کۆمەڵگەن، بکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە یەکی ئایاری 2024، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە بۆنەی یەکی ئایار، جەژنی کرێکاران، لە پەڕەی تۆڕی کۆمەڵایەتیی خۆی بڵاوی کردەوە:"پێویستە حکوومەتی فیدراڵ بەشێوەیەکی یەکسان و دادگەرانە کار بۆ پاراستنی مافە ماددی و مەعنەوییەکانی کرێکاران بکات کە چینی زەحمەتکێشی کۆمەڵگەن."
لە کۆی شەش ملیۆن کرێکاری عێراقی، تەنها نزیکەی 400 هەزاریان دەستەبەر کراون، یەكێتیی نێودەوڵەتیی سەندیکاکانی کرێکارانیش دەڵێت، عێراق یەکێک لەو وڵاتانەیە زۆرترین مافی کرێکارانی تێدا پێشێل دەکرێت.
لە عێراق، زیاتر لە 10 ملیۆن کەس لە تەمەنی کارکردندان، لەوانە چوار ملیۆنیان فەرمانبەر و شەش ملیۆن کرێکارن، لەنێو ئەو 6 ملیۆن کرێکارەدا، تەنها نزیکەی 400 هەزاریان لەلایەن حکوومەتەوە دەستەبەر کراون.
پێشتر، کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، کارنامەی کابینەی نۆیەم زۆر بە بایەخەوە باس لەکەرتی تایبەت و بێکاری و کرێکار دەکات کە هەمویان پێکەوە بەستراونەتەوە.
وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوە کرد، لە کاتی دەستبەکاربوونی وەک وەزیر لە وەزارەتەکەی، لە 10% کرێکاران دەستەبەر کرابوون، بەڵام ئێستا گەیاندوویانەتە 60%، ناوبراو ئاماژە بەوەش دەکات، داهاتی سندووق زیاتر لە 300 ملیار دینار بووە، بەڵام ئێستا گەیاندوویانەتە زیاتر لە ترلیۆنێک و 51 ملیار دینار، واتە داهاتی سندووق سێ هێندە زیادی کردووە.