هەڵبژاردەی ئۆڵمپی عێراق هەنگاوێک دوورە لە گەیشتن بە ئۆڵمپیکی پاریس 2024

هەڵباژردەی ئۆڵمپی عێراق
هەڵباژردەی ئۆڵمپی عێراق

ئەمڕۆ لە یارییەکی چارەنووسساز و یەکلاکەرەوەدا هەڵبژاردەی ئۆڵمپی عێراق لە یاریی دیاریکردنی پلەی سێیەمی جامی ئاسیای خوار 23 ساڵان رووبەڕووی هەڵبژاردەی ئیندۆنێسیا دەبێتەوە، عێراق بە بردنەوەی ئەم یارییە راستەوخۆ بلیتێکی یارییەکانی ئۆڵمپیکی پاریس بەدەست دەهێنێت.

هەڵبژاردەی ئۆڵمپی عێراق دەیەوێت بە بردنەوەی ئەم یارییە و گەیشتن بە ئۆڵمپیک دۆڕانەکەی بەرامبەر ژاپۆن و نەگەیشتنی بە یاریی کۆتایی جامی ئاسیای خوار 23 ساڵان لەبیری هاندەرانی بباتەوە، هەرچەندە ئەرکی ئاسان نییە چونکە ئیندۆنێسیا لەم پاڵەوانیەتییە بە ئاستێکی بەرز دەردەکەوێت و بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا گەیشتە قۆناغی پێش کۆتایی.

تیپەکەی رازی شنێشل ئەگەر ئەم یارییە بدۆڕێنێت ناچار دەبێت لە پاشکۆ یاری بەرامبەر هەڵبژاردەی غینیای چوارەمی جامی ئەفریقای خوار 23 ساڵان بکات بۆ ئەوەی لەوێوە بلیتێکی ئۆڵمپیک بەدەست بهێنێت.