كەلوپەلەكانی محەممەد عەلی كلای دەخرێنە مەزادەوە

كەلوپەلەكان ئەوانەن لای ھەوادارەكانی كلای، نەك ئەوانەی لای خێزانەكەی

چەندین كەلوپەل و یادگاری تایبەت بە محەممەد عەلی كلای، یاریزانی جیھانیی مشتەكۆڵە، كە لەلایەن ھەوادارانییەوە پارێزراون، دەخرێنە مەزاد و دەفرۆشرێن.

بڕیارە لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵدا ژمارەیەك كەلوپەل و یادگاری كلای، كە لە لای ھەوادارەكانییەوە پارێزراون، لە گەورەترین پیشانگای فرۆشتنی زیادكراو و ئاشكرا بفرۆشرێن، لە نێوان كەلوپەلەكاندا پشتوێنی پاڵەوانیێتیی ئەنجوومەنی جیھانیی مشتەكۆڵە بۆ كێشی قورس، كە ساڵی 1974 بەدەستی ھێناوە، لەگەڵ نامەیەكی تایبەت بە دەستوخەتی خۆی، كە ئەو كاتەی بووەتە موسڵمان، نووسیویەتی.

لەم بارەیەوە بەڕێوەبەرانی ھۆڵی ھێریتدج، كە بارەگاكەی داڵاسە رایانگەیاند، لەو رۆژەدا 79 پارچە كەلوپەلی یاریزانی ناوبراو بۆ فرۆشتن دەخرێنە روو، لەناویاندا ئەو شەرواڵەی لە كاتی سەركەوتنی بەسەر جۆرج فۆریمان لە ساڵی 1974 لە جەزائیر پۆشیبووی، لەگەڵ دەستەوانەكانی سۆنی لیستۆن، كە لە كاتی دۆڕاندنی نازناوەكەی بەرامبەر كلای لە ساڵی 1964 لە دەستی كردبوون.

بەڕێوەبەرانی ھۆڵی ھێریتدج پێیانوایە، رەنگە نامە دەستنووسەكەی كلای كە ساڵی 1964 نووسیویەتی، ئەو كاتەی بووە موسڵمان و ناوی خۆی لە كاسیۆ كلای بۆ محەممەد كلای گۆڕی و نامەكەی لە گۆڤاری لایف بڵاو كردەوە، بە بڕی 100 ھەزار دۆلار بفرۆشرێت. ھەروەھا دەستەوانەكەی لیستۆن بە 100 ھەزار دۆلار و شەرواڵەكەش بە 150 ھەزار دۆلار بفرۆشرێن.

محەممەد عەلی كلای، لە 4ی مانگی حوزەیرانی رابردوو و لە تەمەنی 74 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.