کابینەی نۆیەم خزمەتگوزاریی فەرمانگە حکوومەتییەکانی بە دیجیتاڵی کردووە

بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر
بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر یەکێکە لەو بەڕێوەبەرایەتییانەی کە بۆ ڕاییکردنی کاروباری هاووڵاتییان پشت بە سیستمی دیجیتاڵی دەبەستێت، بەشێوەیەک کە لەماوەی کەمتر لە کاتژمێرێکدا هاووڵاتییان دەتوانن مۆڵەتی شۆفێرییەکانیان نوێ بکەنەوە، وەک خۆشیان دەڵێن: کارکردن بە سیستەمی دیجیتاڵی کار ئاسانییەکی گەورەی بۆ هاووڵاتییان کردووە.

خالید كه‌مال، شۆفێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، من لە ساڵی 2008ـەوە خاوەن مۆڵەتی شۆفێریم، ئەرکمان لە ساڵەکانی ڕابردوو زۆر قورس بوو، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی بە دجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان کارەکانمان زۆر بە ئاسانی ڕایی دەکرێن.

کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامانجییەتی خزمەتگوزارییەكان بە باشترین شێواز و تەکنیکی خێرا و سەردەمییانە پێشکەش بە هاووڵاتییان بکات، جگە لەوەش بەدیجیتاڵکردنی کاروباری حکوومەتیش هۆکارێکی دیکەی باشتربوونی خزمەتگوزارییەکان و کەمکردنەوەی ڕۆتینی کاری فەرمانگەکانە.

لای خۆیەوە فریاد فازڵ، به‌رپرسی وردبینی له‌ به‌شی مۆڵه‌تی هاتوچۆی هه‌ولێر بە کوردستان24ـی گوت: ڕایکردنی کاری هاووڵاتییان بەهۆی سیستەمی ئەلکترۆنییەوە زۆر خێرا بووە، هاووڵاتی لە ماوەی چەند کاتژمێرێک مامەڵە دەرهێنان و نوێکردنەوەی شۆفێری بۆ دەکرێت.

کەمکردنەوەی ڕۆتین و بە دیجیتاڵیکردنی کاری فەرمانگە حکومییەکان یەكێکە لە ئامانجەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەپێناو خێرا ڕاییکردنی مامەڵەی هاووڵاتییان و بە سیستەمکردنی خزمەتگوزارییەکان.