هیشام عەبدولخالق: ئەو بارانە بەلێزمەی هەرێمی کوردستانی گرتۆتەوە کاریگەری لەسەر بەرووبوومی دانەوێلە نییە

بارانی بەلێزمە لە کوردستان
بارانی بەلێزمە لە کوردستان

K24-هەولێر

بەرێوەبەری پلاندان لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، ئەو بارانە بەلێزمەی هەرێمی کوردستانی بە چری گرتۆتەوە، کاریگەرییەک لە بەرووبوومی کشتوکاڵی و دانەوێڵە ناکات ئەگەر تەرزە و بای بەتوندی بەدوادانێت.

ئەمڕۆ پێنچشەممە 2 ی ئایاری 2024، هیشام عەبدولخالق، بەرێوەبەری پلاندان لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24 ی راگەیاند: ئەو بارانە بەلێزمەی وەک شەپۆل هەرێمی کوردستانی گرتۆتەوە، هیچ کاریگەرییەک لە بەرووبوومی کشتوکاڵی و بەتایبەتی دانەوێلە نابێت ئەگەر بای بەهێز و تەرزەی لەگەڵ نەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا خەریکە دانەوێڵە و گەنم پێدەگات، بۆیە پێویست ناکات جووتیارانی کوردستان نیگەران بن و ترسیان لە بەرهەمەکانیان هەبێت.

بەرێوەبەری پلاندانی وەزارەتی کشتوکاڵ ئاشکرای کرد، لە ناوچەکانی سەروو کە کەشوهەوایان لەگەڵ ناوشارەکان جیایە و فێنک ترە، هێشتا دانەوێڵە و گەنم ماویەتی پێ بگات و وشک نەبوو، بۆیە ئەگەر چەند باران بە لێزمە بێت و گەنمەکە بخات، بەڵام جارێکی دیکە هەڵدەستێتەوە و نابێتە زیان بۆ جووتیارەکانی.

کەشناسی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24 ی راگەیاند: بارانی بەلێزمە لە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت، تیمەکانی بەهاناوەچوونی بەرگریی شارستانیی دەگەنە ئەو شوێنانەی کە ئاوی تێدا کۆبۆەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا تیمەکانی پاککردنەوەی ئاوەڕۆکان دەگەنە ئەو شوێنانەی ئاوی تێدا کۆدەبێتەوە، بە پاککردنەوەی ئاوەڕۆ و مەنهۆڵەکان مەترسییەکان کەم دەکەنەوە.