ئاکپارتی: لە کاتێکی گونجاودا ئەردۆغان سەردانی جەهەپە دەکات

کۆبوونەوەی ئەردۆغان و ئۆزگور ئۆزەل
کۆبوونەوەی ئەردۆغان و ئۆزگور ئۆزەل

K24 – هەولێر:

دوای سەردانەکەی سەرۆکی جەهەپە بۆ لای سەرۆککۆماری تورکیا، بەرپرسێکی باڵای ئاکپارتی ڕایگەیاند: کۆبوونەوەکە لە کەشێکی ئەرێنیدا بەڕێوە چووە و بەپێی خشتەی کارەکانی سەرۆککۆماریش، لە کاتێکی گونجاودا سەردانی جەهەپە دەکات.

ڕۆژی پێنجشەممە (2ـی ئایاری 2024) عومەر چەلیک، جێگری سەرۆکی ئاکپارتی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا لەبارەی دیدارەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و ئۆزگول ئۆزەل ڕایگەیاند: کۆبوونەوەیەکی باش بوو، گفتوگۆکان لە کەشێکی ئەرێنیدا بەڕێوە چوون و سەرۆککۆمار دڵخۆش بوو بە سەردانەکەی سەرۆکی جەهەپە.

هەرچەندە عومەر چەلیک ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی ئاشکرا نەکرد، لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژەی بەوە کرد: ئەردۆغان جەختی لەسەر پێویستیی بەردەوامبوونی گفتوگۆکان کردووەتەوە و لە کاتێکی گونجاودا بەپێی خشتەی کارەکانی سەرۆککۆمار، سەردانی بارەگای سەرەکی جەهەپە دەکاتەوە و لەگەڵ ئۆزگور ئۆزەل کۆ دەبێتەوە.

کاتژمێر 4:00ـی دوای نیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە (2ـی ئایاری 2024) ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە گەیشتە ناوەندی گشتیی ئاکپارتی و لەلایەن ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکپارتی پێشوازیی لێ کرا. ئەمەش بووە یەکەم کۆبوونەوەی فەرمی نێوان هەردوو سەرۆکی ئاکپارتی و جەهەپە لەماوەی هەشت ساڵی ڕابردوودا.

پێشتریش میدیاکانی تورکیا ڕایانگەیاندبوو، لە کۆبوونەوەکەدا جگە لە نووسینەوەی دەستووری نوێ، کۆمەڵێک تەوەر و پرسی جیاواز هەن گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت، لەوانەش مۆرکردنی پرۆژە و پلانی شارەوانییەکانی ژێر دەسەڵاتی جەهەپە، بەرزکردنەوەی مووچەی خانەنشینان، دامەزراندنی مامۆستایانی دانەمەزراو و چەند پرسێکی دیکە.

ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە (23ـی نیسانی 2024) ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکۆماری تورکیا و سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا (ئاکپارتی) بەشداریی لە ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی 104 ساڵەی دامەزراندنی پەرلەمانی وڵاتەکەی کرد و چاوی بە زۆربەی سەرۆکی پارتەکانی تورکیا کە لە پەرلەمان فراکسیۆنیان هەیە، کەوت.

میدیاکانی تورکیا بڵاویان کردەوە، ئەردۆغان بۆ ماوەی 10 خولەک لەگەڵ ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) گفتوگۆی کردووە و دواتریش سەرۆککۆماری تورکیا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد، ئۆزگور ئۆزەل داوای لێ کردووە پێکەوە کۆببنەوە و ئەویش داواکەی قبوڵ کردووە و بڕیارە هەفتەی داهاتوو کۆ ببنەوە.

ئەمەش دەبێتە یەکەم دیداری نێوان ئەردۆغان و ئۆزگور ئۆزەل، لەوەتی ئۆزەل بووەتە سەرۆکی جەهەپە، کە شوێنی کەمال كڵچدارئۆغڵوی گرتەوە دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئایاری ساڵی ڕابردوو بەرامبەر ئەردۆغان شکستی هێنا.

هەروەها لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی کۆتایی مانگی ڕابردوو، جەهەپە توانی سەرکەوتنێکی گەورە بەدەست بهێنێت و وێڕای پارێزگاری کردن لە پۆستی سەرۆک شارەوانییەکانی ئەنقەرە و ئیستانبوڵ، توانی ببێتە هێزی یەکەمی تورکیا و ژمارەی دەنگەکانی پێش ئاکپارتی کەوتەوە.