کوردستان24 وردەکاریی ڕووداوی مردنی چوار شاخەوان لە ناوچەی قەرەداغ بڵاو دەکاتەوە

وێنەی ئەو چوار شاخەوانەی کە ئەمڕۆ لە ناوچەی قەرەداغ گیانیان لەدەستدا
وێنەی ئەو چوار شاخەوانەی کە ئەمڕۆ لە ناوچەی قەرەداغ گیانیان لەدەستدا

K24 – سلێمانی:

هاووڵاتییەکی بە تەمەن بە مەبەستی کۆکردنەوەی گژوگیای بەهارە سەردانی چەند ناوچەیەکی شاخی قەرەداغ دەکات و بێسەروشوێن دەبێت، هەورەها ئەمڕۆ بەهۆی لافاوەوە چوار شاخەوانی گرووپی سەگرمە لە دەربەندی مەسورانی نزیک شاخی زەردە مردن و تەرمەکانیان ڕەوانەی پزیشکی دادی کران.

ڕۆژی هەینی (3ـی ئایاری 2024) دالیا کەمال، پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی ڕایگەیاند، ماوەی چەند ڕۆژێکە ڕاگەیاندرابوو کە هاووڵاتییەکی ناوچەی قەرەداغ بە ناوی شێخ نەجمەددین بزربووە کە مەبەستی کۆکردنەوەی گژوگیا چووبووە شاخەکانی قەرداغ؛ لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە تۆڕی فریاکەوتی شاخەوانی سەردانی ناوچەکەیان کرد و تاوەکو بەدوادا چوون بۆ هاووڵاتییە ونبووەکە بکەن کە تەمەنی 52 ساڵ بوو.

شەهرام، ئەندامی تیمی تۆڕی فریاکەوتنی شاخەوانی، لەبارەی ونبوونی هاووڵاتییەکە گوتی: لە ڕێگەی خەڵکی ناوچەی قەرەداغەوە ئاگەدارکراینەوە کە کەسێک بە ناوی شێخ نەجمەددین دوو ڕۆژە دیار نییە، ئێمەش لە ڕێگەی تیمی فریگوازاری شوێنی کەسەکەمان لە رێگەی شەبەکەی مۆبایلەکەی دەستنیشان کرد و چووینە شوێنەکە زۆر بە دوای کەسەکە گەڕاین و نەماندۆزیەوە، ئەمڕۆش چوینەوە بۆ شوێنەکە دووبارە دەستمان بە گەڕان کرد هەر نەماندۆزییەوە.

هەر ئەمڕۆ بەهۆی لافاوەوە چوار شاخەوانی گرووپی سەگرمە لە دەربەندی مەسورانی نزیک شاخی زەردە مردن و تەمەکانیان ڕەوانەی پزیشکی دادی کران. سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بە فەرمانی دادوەر بەپێی ماددەی 411ـی سزادانی عێراقی، سەرۆکی ڕێکخراوی شاخەوانی سەگرمە دەستگیر کراوە و تا کۆتاییهاتنی ڕاستی و دروستی ڕووداوەکە لە لێکۆڵینەوەکان، ڕادەگیرێت.

هاووڵاتییەکی بە ناوی ئالان، هاورێی ئەو شاخەوانانە بوو کە لە ڕووداوەکەی ئەمڕۆ گیانیان لەدەستدا، بە کوردستان24ـی گوت: کاتێک ئاگەدارکراینەوە کە ڕووداوێکی لەو شێوەیە روویداوە، چووینە شوێنەکە بۆ بەهانەوەهاتنی هاورێکانمان، بەڵام بەداخەوە یەکەم شت کە بینیمان تەرمی چەند هاوڕێیەکی خۆشەویستمان بوو، کارەساتێک بوو بەڕاستی وەسف ناکرێت.

ناوبراو ئاماژەی بەوەدا، ئەو ژمارە هاووڵاتییە کە لە گرووپە شاخەوانییەکە بوون بەهۆی مەرگی هاوڕێکانیان باری دەروونیان هیچ باش نییە، پێش ئەوەی ڕووداوەکە رووبدات، شاخەوانەکان ویستبوویان لە شاخەکەدا بێنە خوارەوە، بەڵام بەهۆی هاتنی لافاوەوە چوار شاخەوان نەیانتوانی بێنە خوارەوە و مردن. ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو، دوای دوو کاتژمێر و نیو تەرمی هەر چوار شاخەوانەکە دۆزرایەوە.

سەرەڕای هۆشدارییەکانی دەزگا پەیوەندیدارەکان لەبارەی خراپی کەشوهەوای ئەم چەند ڕۆژە، سێ ڕۆژ پێش ئێستا، ڕێکخراوی شاخەوانی سەگرمە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ئاگادارییەکی بڵاوکردووەتەوە کە ڕۆژی هەینی (3ـی ئایاری 2024) گەشتێک ڕێک دەخات بۆ ناوچەی قەرەداغ، گوندی ئاوەسپی - دەربەندی مەسوران.

بە گوێرەی بڵاوکراوەکەی ڕێکخراوەکە، شوێنی کۆبوونەوەی شاخەوانان ئەمڕۆ کاتژمێر 6:15ـی بەیانی بووە لە تەنیشت یانەی کۆمەڵایەتیی لە پارکی ئازادیی شاری سلێمانی و کاتژمێر 6:30 بەیانیش بۆ دەربەندی مەسووران لە ناوچەی قەرەداغ بەڕێ کەوتوون

بەگوێرەی ئەو گرتەڤیدیۆیەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی کوردستان24 بڵاوکراونەتەوە، تیمەکانی فریاگوزاری بەهۆی سەختی شوێنەکەوە، جگە لە بوونی چەند ئۆتۆمبێلێکی فریاکەوتن، کۆپتەریشیان بەکارهێناوە بۆ گواستنەوە تەرمەکان.

کوردستان24 زانیویەتی ئەندامێکی گرووپە شاخەوانییەکە پێش ئەوەی گیان بسپێرێت، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک داوای بە فریاکەوتنی کردبوو، هەروەها یەکێک لە شاخەوانەکان بەناوی حەمەلاو، پێشتر تووشبووی شێرپەنجە بووە و لە نەخۆشخانەی هیوا چارەی وەرگرتووە و چاک بووەتەوە، ئەمڕۆ هەینی بەهۆی لافاوەوە لە دەربەندی مەسوران مردووە.

گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی رایگەیاندبوو، کۆی گشتی ئەندامانی گرووپە شاخەوانییەکە 12 کەس بوون و چواریان خنکاون و تەرمەکانیان دۆزراونەتەوە و ئەوانی دیکە سەلامەتن.

هەروەها ڕەئووف کەمال، قایمقامی قەرەداغ ڕایگەیاندبوو، گرووپێکی شاخەوانی لە شاری سلێمانی هاتوون بۆ گوندی ئاوەسپی لە ناحیەی سێوسێنان و بەهۆیەوە ژمارەیەکیان لافاو بردوونی کە بەبێ ئاگادارکردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان هاتوونەتە سنوورەکە.