ئومێد خۆشناو: پڕۆژەکانی حکوومەت مەترسییەکانی لافاویان کەم کردووەتەوە

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر

K24 – هەولێر:

پارێزگاری هەولێر ڕایدەگەیەنێت، تیمە فریاگوزارییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە  ئامادەباشیدان، هاوکات دەڵێت: پڕۆژەکانی حکوومەت مەترسییەکانی لافاویان کەم کردووەتەوە.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەهۆی ئەو شەپۆلە بەردەوامانەی بارانبارین تیمە فریاگوزارییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئامادەباشیدان، داوا لە هاووڵاتییانیش دەکات پابەند بن بە رێنماییەکانی شارەوانی و ئۆتۆمبێلەکانیان لەو شوێنانە ڕانەگرن کە مەترسی هەستانی لافاوی لێیە.

پارێزگاری هەولێر ڕاشیگەیاند، بەر لە هاتنی شەپۆلەکانی بارانبارین چاڵ و ڕێڕەوەکان خاوێن کراونەتەوە، هەروەها ئەو شوێنانەشی کە خاڵی لاوازن، ئامێریان تێدا جێگیر کراون.

ئاماژە بەوەش دەکات، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی جێبەجێکردنی کۆمەڵێک پڕۆژەوە مەترسییەکانی لافاوی کەم کردووەتەوە، ئەو کارەساتەی کە ساڵی 2021 ڕوویدا سەرۆکی حکوومەت هەمووانی راسپارد کە هەستین بە دیاریکردنی هەموو خاڵە لاوازەکان لە سنووری پارێزگای هەولێر و چارە بکەین.

ئومێد خۆشناو، دەڵێت: ئەمساڵ بەراورد بە ساڵانی رابردوو باران زۆر زیاتر باریوە، بەڵام بەهۆی پڕۆژەکانی حکوومەت و ئامادەبوونی تیمە خزمەتگوزارییەکان مەترسییەکانی لافاو کەمبووتەوە، هەروەها شەپۆلە بەردەوامەکانی بارانبارینی ئەمساڵ تا ئێستا نەبووەتە هۆی هیچ زیانێکی گیانی تەنیا هەندێک زیانی ماددی هەبووە.