حووسییەکانی یەمەن ئۆپراسیۆنەکانیان دژی ئیسرائیل بردە قۆناغی چوارەمەوە

یەحیا سەریع، گوتەبێژی حووسییەکانی یەمەن
یەحیا سەریع، گوتەبێژی حووسییەکانی یەمەن

K24 - هەولێر

 یەحیا سەریع گوتەبێژی حووسییەکان ڕایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکانمان بردووەتە قۆناغی چوارەمەوە، لەمەودوا هەر کەشتییەک پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل هەبێت هێرشی دەکەینە سەر و گوێ بەوە نادەین سەر بە چ وڵاتێکە.

یەحیا سەریع گوتیشی، "تا هەڵگرتنی ئابڵوقەی سەر غەززە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل بەردەوام دەبین ".

دەشڵێت: "هێزەکانی یەمەن ئۆپراسیۆنەکانیان دژی ئیسرائیل دەبەنە قۆناغی چوارەمەوە ئەویش بریتییە لە لێدانی هەر کەشتییەک بەرەو ئیسرائیل یاخود خاکی داگیرکراوی فەڵەستین بڕوات."

یەحیا سەریع ڕاشیگەیاند، ئیسرائیل دەیەوێت هێرش بکاتە سەر رەفەح، لەبەرامبەردا هێزەکانی یەمەن سزای زیاتر بەسەر هەر کەشتییەکدا دەسەپێنن کە پەیوەندیی لەگەڵ ئیسرائیل هەبێت، جا هی هەر وڵاتێک بێت.

ئەو گوتەبێژە ئەوەشی گوت، "دوودڵ نابین لە فراوانکردنی هێرش و شەڕەکانمان دژی ئیسرائیل، تا ئەو کاتە ئابڵوقەی سەر غەززە هەڵدەگیرێت".

لەگەڵ بەردەوامی هێرشی حووسییەکان لە دەریای سوور، یەکێتیی ئەورووپا لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوە ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ پاراستنی هاتووچۆی دەریایی لە ناوچەکە ڕاگەیاند. یەکێتیی ئەوروپا ئاشکراشی کردووە، ئۆپەراسیۆنەکەیان ناوچەکانی گەرووی بابلمەندەب، گەرووی هۆرمز، ئاوە نێودەوڵەتییەکانی دەریای سوور، کەنداوی عەدەن، دەریای عەرەبی و کەنداوی عومان دەگرێتەوە.

بێجگە لە یەکێتیی ئەوروپاش، ئەمەریکا مانگی کانوونی یەکەمی ڕابردوو هاوپەیمانییەکی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشی حووسییەکان لە دەریای سوور ڕاگەیاند، کە زیاتر لە 20 وڵات لەخۆ دەگرێت. هێزەکانی ئەمەریکا و بەریتانیاش چەندین جار لە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشدا پێگەی حووسییەکانیان لە یەمەن کردوونەتە ئامانج.

لە کاتێکدا 15 لە سەدی تێکڕای ئاڵوگۆڕی بازرگانی جیهان لە دەریای سوور دەکرێت، حووسییەکانیش دووپاتی دەکەنەوە، وەک پشتیوانییەک بۆ خەڵکی فەڵەستین، هەر کەشتییەک لە دەریای سوور لە بەندەرەکانی ئیسرائیل نزیک بێتەوە، پەلاماری دەدەن.