بلینکن: هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ڕەفەح هەموو سنوورێک دەبەزێنێت

تەندروستی جیهانی: هێرشی زەمینی بۆ سەر ڕەفەح گۆمی خوێن دروست دەکات
ژمارەیەک تانکی سوپای ئیسرائیل لەنێو غەززە (وێنە: AP)
ژمارەیەک تانکی سوپای ئیسرائیل لەنێو غەززە (وێنە: AP)

K24 هەولێر

پلانی هێرشی فراوانی زەمینی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر شاری ڕەفەح باشووری کەرتی غەززە نیگەرانیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی لێ کەوتووەتەوە و ئەمەریکا لە زاری وەزیری دەرەوەیدا هەڵوێستی خۆیی ڕاگەیاندووە کە پشتیوانیی لەو هێرشەی ئیسرائیل ناکات، چونکە هیچ گەرەنتییەکی بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان نەکردووە و ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیش هۆشداریی لە دروستبوونی کارەساتێکی گەورەی مرۆیی دەدات.

"ئەمەریکا پشتیوانی هێرشی سەر ڕەفەح ناکات"

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هۆشداری لە هێرشی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر شاری ڕەفەحی باشووری کەرتی غەززە دا و ڕایگەیاند، هێرشی فراوانی سەر ڕەفەح بەو چڕییەی دانیشتوانەی تێیدایە و سنوورە قەبووڵکراوەکان دەبەزێنێت، چونکە ئیسرائیل هیچ پلانێکی لە بارەی پاراستنی خەڵکی سڤیل ئامادە نەکردووە.

بلینکن لە کۆڕبەندی سێدۆنا کە لەلایەن پەیمانگەی مەککەین لە ئەریزۆنا ڕێکخراوە، گوتی: "لە نەبوونی پلانێک بۆ پاراستنی گیانی خەڵکی سڤیل، ناتوانین پشتیوانی لە ئۆپەراسیۆنێکی فراوانیی سەربازی بۆ سەر ڕەفەح بکەین، چونکە زیانەکانی هەموو سنوورێک دەبەزێنێت و ناتوانرێت قەبوڵ بکرێت".

"هێرشی سەر ڕەفەح گۆمی خوێن دروست دەکات"

دیمەنێکی باڵەخانە وێرانبووەکانی غەززە

هەروەها تێدرۆس ئەدهانۆم بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێكس، نیگەرانی خۆیی لە بارەی پلانی هێرشی فراوانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر شاری ڕەفەح ڕاگەیاندووە و دەڵێت: هێرشکردنە سەر ڕەفەح دەبێتە هۆی دروست بوونی گۆمی خوێن. داواکارە ڕێگری لەو پلانەی سوپای ئیسرائیل بکرێت.

ئاماژەی داوە، هێرشی زەمینی بۆ سەر ڕەفەح قورسایی ئەرکەکانی سەر کەرتی تەندروستیی چەند هێندە دەکات لە کاتێکدا کەرتی تەندروستیی پەکی کەوتووە و لە کۆی 36 نەخۆشخانە تەنیا 12 نەخۆشخانە لە ژێر فشارێکی زۆردا کار دەکەن.

لەلایەکی دیکەوە یێنس لارکە، گوتەبێژی نووسینگەی هەماهەنگیکاری کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان ناسراو بە (ئۆچا) ڕایگەیاندووە، هێرشی زەمینی بۆ سەر ڕەفەح کۆتایی هێنانە بە تەواوی چالاکیی مرۆییەکان، چونکە ڕەفەح بۆتە دڵی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە.

"ئیسرائیل سوورە لە سەر هێرشکردنە ناو ڕەفەح"

ژمارەیەک تانکی سوپای ئیسرائیل لەسەر سنووری غەززە (وێنە: AFP)

بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل پێداگرە لە ئۆپراسیۆنی فراوانی سەربازی بۆ سەر ڕەفەح و ڕایگەیاندووە، بۆ کۆتایی هێنان بە حەماس هێرشی زەمینی دەکەن بۆ ئەو مەبەستەش سوپای ئیسرائیل بۆردومان کردنی شارەکەی چڕکردووەتەوە.

هەروەها جیا لە نەتەوە یەکگرووەکان، وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکاش وەک هاوپەیمانی سەرەکی ئیسرائیل داوایان لە ناتانیاهۆ کردووە لە بڕیاری هەڵکوتانە سەر ڕەفەح پاشگەز بێتەوە و هۆشداریان داوە لەوەی هێرشی زەمینی کارەساتێکی گەورەی مرۆیی لێ دەکەوێتەوە.

"زیاتر لە 37 ملیۆن تۆن داروپەردو کەڵەکە بووە"

لودهامار بەرپرسی بەشی پووچەڵکردنەوە و هەڵگرتنەوەی مین لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای کردووە، بەهۆی شەڕو بۆردومانەکانی سوپای ئیسرائیل زیاتر لە %65 خانوو و باڵەخانەکانی کەرتی غەززە وێران بوون و بەمەش زیاتر لە 37 ملیۆن تۆن داروپەردوی باڵەخانەکان کەڵەکە بوون و لابردنیشی زیاتر لە 14 ساڵ دەخایەنێت.

ئاماژەشی داوە بە تێکڕا لە هەر یەک مەترێکی چوارگۆشە نزیکەی 300 کیلۆگرام داروپەردو کەڵەکە بووە و بەمەش ڕووبەرێکی فراوانی کەرتی غەززە بووەتە وێرانە.

"ڕەفەح سەر ڕێژبووە لە کەمپی ئاوارەکان"

شەڕی ئیسرائیل و حەماس لە حەوتەمین مانگی نزیک دەبێتەوە و بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین باڵی حەماس، تاوەکوو ئێستا نزیکەی 36 هەزار کەس لە کەرتی غەززە کوژراون کە بەشی زۆرینەیان ژن و منداڵن، هەروەها نزیکەی 78 هەزار کەسی دیکەش برینداران بوون.

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی دەزگای سەر ئاماری کەرتی غەززە. دانیشتوانی شارەکانی غەززە و خانیونس و دەوروبەریان ئاوارەی ڕەفە‌ح بوونە و  چەندین کەمپیان لە ڕەفەح بۆ دروست کراوە؛ بە جۆرێک، لە ڕووبەری 63.1 کیلۆمەتری دووجا زیاتر لە 101 ملیۆن کەس نیشتەجێ بوون.