سعوودیە دوو مەرجی هەیە بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل

ئاڵای ئیسرائیل (ڕاست) و سعوودیە (چەپ)
ئاڵای ئیسرائیل (ڕاست) و سعوودیە (چەپ)

K24 - هەولێر

سعوودیە ئامادەیە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکاتەوە، بەڵام لە بەرامبەر ئەوە دەبێت ئیسرائیل شەڕ لە غەززە ڕابگرێت و دەوڵەتی سەربەخۆی فەڵەستینینش ڕابگەیەنرێت. گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت، سەبارەت بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سعوودیە نزیکن لە ڕێککەوتن.

سعوودیە و ئەمەریکا و ئیسرائیل لە ڕێککەوتن و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان بەتەواوی. نزیکن؛ بەڵام بۆ ئەمە، ڕیاز دوو پێشنیازی هەیە، یەکەم ڕاگرتنی شەڕە لە غەززە و دووەمیشیان، ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەڵەستین.

ماتیو میڵەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاشکرای کرد، سەبارەت بە ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سعوودیە نزیکن لە ڕێککەوتن.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئەوەی خستەڕوو، "وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کاتێک لە ڕیاز بوو لەگەڵ شازادەی جێنشینی سعوودیە کۆبووەوە. ئێمە زۆر نزیکین لەوەی پێکەوە بگەینە ذڕێککەوتن و پەیوەندییە دووقۆڵییەکانمان ئاسایی بکەینەوە، ڕێککەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیش بە دڵنیاییەوە، بەشێکی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و سعوودیەیە. بەدڵنیایەوە سعوودیە مەرجی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەدنییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل هەیە؛ بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ ڕێککەوتنێک نییە، لەکاتێکدا شەڕ لە غەززە بەردەوامە. بەڵام سعوودیە دوو مەرجی هەیە، یەکەم، کۆتاییهێنان بە شەڕ لە غەززە، دووەم، ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەڵەستین."

تۆڕی بلوومبێرگی ئەمریکیش ڕاپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا باس لە ڕێککەوتنی بەرگریی سعوودیە و ئەمەریکا دەکات، ئەو ڕێککەوتنەش وەک دووبارە نەخشەڕێژکردنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناو دەبات.

بەگوێرەی ڕێککەوتنەکە، ئەمەریکا چەک و تەکنەلۆژیای سەربازیی پێشکەوتوو دەداتە سعوودیە، لەبەرامبەریشدا ئەمەریکا لەسەر حسابی ئێران و چین پێگەی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهێزتر بکات. چەند بەرپرسێکی ئاگادار لە گفتوگۆکانی واشنتن و ڕیاز ئاشکرایان کردووە، لەوانەیە لە چەند هەفتەی داهاتوو ئەمەریکا و سعوودیە ڕێک بکەون.

ئیسرائیل و سعوودیە پێش 7ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، زۆر نزیک بوون لە رێککەوتن و ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانیان، بەڵام هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، رێسەکەی کردەوە بە خوری. پێشتریش لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئیبراهیمی لە مانگی ئەیلوولی 2020، ئیمارات و بەحرەین پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردەوە، دواتریش مەغریب لە کانوونی یەکەمی هەمان ساڵ و سوودانیش لە ساڵی 2021 پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردەوە.