سلێمانی.. کرێکارێک لە باڵەخانەیەک کەوتەخوارەوە و مرد
K24 - سلێمانی
کرێکارێکی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان لە کاتی کاردا، لە باڵەخانەیەکى شاری سلێمانی کەوتەخوارەوە و مرد.
بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 04-05-2024، کرێکارێک لە کاتی کارکردن، لە نهۆمی 17ـەیەمی باڵەخانەیەکى بەرزاییەکانى قەیوان، لە شاری سلێمانى کەوتەخوارەوە و مرد.
بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، کرێکارەکە خەڵکی شاری کۆبانێی ڕۆژئاوای کوردستانە و ئێستا تەرمەکەی لە پزیشکی دادی سلێمانییە.
ئەمە لە کاتێکدایە، ڕۆژی یەکشەممە، 31-03-2024، دوو کرێکاری بە ڕەگەز "سووری" لە نهۆمی 20ـەمی تەلارێکی پڕۆژەی "دەروو سیتی" لە گەڕەکی قولەڕەیسی سلێمانی، کەوتوونەتە خوارەوە و مردن.
بەگوێرەی ئاماری سەندیکای کرێکاران، لە سەرەتای ساڵی 2024 تاوەکو ئێستا 22 کرێکار لە کاتی کارکردندا، لە هەرێمی کوردستان مردوون.
ساڵی ڕابردووش، بەهۆی نەبوونی مەرجەکانی خۆپارێزی و پابەندنەبوونی کرێکارەکان لە کاتی کارکردندا، زیاتر لە 40 کرێکار لە هەرێمی کوردستان لەکاتی کارکردن مردوون.