ریاڵ مەدرید ئاهەنگی سەرکەوتن ناگێڕێت

ریاڵ مەدرید
ریاڵ مەدرید

ریاڵ مەدرید ئەمڕۆ لە گەڕی 34 خولی ئیسپانیا لە یاریگای خۆی رووبەڕووی کادێز دەبێتەوە، لە ئەگەری بردنەوەیان و شکست یاخود یەکسانبوونی بارسێلۆنا بەرامبەر جیرۆنا، مێرنگی بە فەرمی دەبێتە پاڵەوانی ئەم وەرزە.

لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو دەنگۆیەک بڵاوبووەتەوە، گوایە بەرپرسانی یانە شاهانەکە بڕیاریانداوە، لە ئەگەری پاڵەوان بونیان ئەو کات دوای یارییەکەی بەرامبەر کادێز، لە گۆڕەپانی سێبێلیس ئاهەنگی سەرکەوتن دەگێڕن، بەڵام ئەو دەنگۆیانە رەتکرانەوە.

رۆژنامەی وەرزشی مارکای ئیسپانی بڵاویکردەوە، یانە شاهانەکە بە شکستی بارسێلۆنا یاخود بەرامبەربوونی لەگەڵ جیرۆنا دەبێتە پاڵەوان، ئەم یارییەش چەند کاتژمێرێک دوای یارییەکەیان بەرامبەر کادیز دەبێت، بۆیە کارگێری یانەکە بڕیاریداوە، ئاهەنگی سەرکەوتن بۆ هەفتەی داهاتوو دوابخات.

ریاڵ مەدرید کاتژمێر 17:15 خولەک بە کاتی هەولێر رووبەڕووی کادیز دەبێتەوە، هەروەها بارسێلۆنا دوای نزیکەی دوو کاتژمێر بەرامبەر جیرۆنا یاریی دەکات، کەواتە لە ئەگەری بوون بە پاڵەوان بوونی مێرنگی، دەبێتە نزیکەی چوار کاتژمێر چاوەڕێ بکەن بۆ ئاهەنگگێڕان، بۆیە کارگێری یانەکە بڕیاریداوە دوای یارییەکەی ئەمڕۆ، یاریزانەکانیان یەکسەر بگەڕێنەوە ماڵەوە و پشوو بدەن، لەبەر ئەوەی چوارشەممەی داهاتوو، یارییەکی گرنگ و چارەنوسازیان لە چامپیۆنزلیگ بەرامبەر بایرن میونشن هەیە.