ئومێد حەمە عەلی: چاکردنەوەی ڕێگەوبان بۆ گەشتیار گرنگە

ئەندازیار ئومێد حەمە عەلی، بەڕێوەبەری گشتی ئاوەدانکردنەوەی ڕاپەڕین
ئەندازیار ئومێد حەمە عەلی، بەڕێوەبەری گشتی ئاوەدانکردنەوەی ڕاپەڕین

K24 – هەولێر
بەڕێوەبەری گشتیی ئاوەدانکردنەوەی ڕاپەڕین ڕایگەیاند، چاکردنەوەی ڕێگەکانی دەرەوەی شار گرنگەکی زۆری هەیە بۆ هەمووان.

ئەمڕۆ شەممە، 4ـی ئایاری 2024، ئەندازیار ئومێد حەمە عەلی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاوەدانکردنەوەی ڕاپەڕین، لە میانی گەشتێکی هەواڵی کوردستان24 ڕایگەیاند، ڕێگەکانی دەرەوەی شار گرنگییەکی زۆریان هەیە بۆ هەموو لایەک، لەبەر ئەوەی پەیوەندیی نێوان شار و شارۆچکە و دێیەکان و کۆمەڵێک شوێنی گەشتیاری بەیەکەوە گرێ دەدەن. هەر بۆیە ئێمە بەردەوام لە هەوڵداین  بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی مۆدێرن و ڕێک و پیک نۆژەن بکرێنەوە و ڕێگەی تازەش دروست بکرێن.

بەگوتەی ئەو بەڕێوەبەرە، "کەرتی گەشتوگوزار کاتێک ڕێگەیەکی پێشکەوتووی نەبێت، سەرکەوتووی نابێت، ئێمەش بە گرنگمان زانیوە، لە چەند ڕۆژێکی ڕابردوو بەردی بناغەی قەلادزێ و دارە شەکرانمان داناوە. لە ڕووی گەشتیاری و لەڕووی هاتووچۆی مەرزەکە گرنگییەکی زۆری هەیە، یەکێک لە پڕۆژەکانیشمان کە بایەخی بە ناوچەکە داوە، پڕۆژەی دروستکردنی پردی دەربەندی ڕانییەیە دەنگدانەوەیەکی زۆری هەیە و پڕۆژەیەکی ستراتیجییە، ڕێکارەکانی تەواو بووە تەنیا ئەوەی ماوە ڕێگەکە بە ڕووی هاووڵاتییاندا بکرێتەوە".

ئەو بەڕێوەبەرە گوتیشی: "ناوچەکەی ئێمە بتوێن و پشدەر، لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین بەشێکی زۆر کشتوکاڵی تێدا دەکرێت، بوونی ڕێگەی باش وای کردووە هاتوچۆی جووتیاران لەنێوان شاروشارۆچکەکان و پارێزگاکانیش و مەرزە سنوورییەکان ئاسان بێت.
ئێستە هاووڵاتییان و جووتیارانی سنوورەکە دەتوانن بەشێوەیەکی باشتر کارەکانیان بکەن و بەرهەمەکانیان ساغ بکەنەوە ".

ئومێد حەمە عەلی دەشڵێت: "هەر کاتێک ڕێگەکە ڕێگەیەکی خراپ بێت، لەسەر ئەو ڕێگەیە کۆمەڵێک شت زیاد دەبێت، یەکێکیش لەوانە نرخە لەسەر هاووڵاتییان و دواجاریش گرفت دروست دەبێت و نرخەکەش بەرزتر دەبێتەوە".