نەھرۆ ڕواندزی: ڕاگرتنی هەناردەی نەوت لێدانە لە قەوارەی هەرێمی کوردستان

نەھرۆ ڕواندزی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق
نەھرۆ ڕواندزی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق

K24 – هەولێر:

ئەندامێکی لێژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق، ڕایدەگەیەنێت، ڕاگرتنی هەناردەی نەوت سیاسییە و مەبەست لێی لێدانە لە قەوارەی هەرێمی کوردستان. ناوبراو ئاماژەی بەوەدا، عێراق لە هەنادەکردنەوەی نەوت جددی نییە.

نەھرۆ ڕواندزی، ئەندامی لێژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق، لەمیانەی بەشداریی لە ژووری هەواڵی کوردستان24 ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا چەندین لێژنە لەنێوان ئەندامانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی  نەوتی عێراق  پێکهاتووە بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوت، کاری ئەو لێژنەیە تێچووی دەرهێنانی نەوت و هەموو شتانە دەخەمڵێنن و دەیکەنە راپۆرت و پێشکەشی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەن.

ئەو ئەندامەی لێژنەی نەوت و غازی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەدا، تا ئێستا عێراق لە هەنادەکردنەوەی نەوت جددی نییە، هەروەها بەهۆی راگرتنی هەندارەی نەوت و حکوومەتی تورکیا رۆژانە سزای دارایی دەخاتە سەر بەغدا.

ناوبراو ڕاشیگەیاند، ئەگەر بێت و هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە دەبێت حکوومەتی عێراق رێژەی بەرهەمهێانی نەوتی خۆی کەم بکاتەوە، هەروەها راگرتنی هەناردەی نەوت سیاسییە و مەبەست لێی لێدانە لە قەوارەی هەرێمی کوردستان.

نەھرۆ ڕواندزی، روونیکردەوە، تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە زۆرێنەی ناوچەکانی عێراق بەراورد بە هەرێمی کوردستان زیاترە، بەڵام تەنیا کێشەیان لەسەر تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم دروست کردووە.

ئەوەشی ئاشکرا کرد، یەکێکە لە دۆسیە گەندەڵییەکان لە عێراق نەوتی گەیارەیە کە تێچووی دەرهێنانی هەر بەرمیلێک نەوت 35$، نەوتەکەی نەوتێکی قورسە بە بۆری هەناردە ناکرێت بە تانکەر دەگوازرێتەوە بۆ بەسرا، لەکاتێکدا ئەو نەوتە بەراورد بە نەوتی هەرێمی کوالێتی کەمترە بە نرخی 10$ کەمتر لە نرخی جۆرەکانی دیکە دەفرۆشرێت، کە قەزانجی حکوومەت لەو نەوتە لە هەر بەرمیلێک 5$، بەڵام حکوومەت بەوە رازییە، کەچی بەوە رازی نییە نەوتی هەرێم هەم نرخی زیاترە و کوالێتیشی باشترە هەناردە بکرێتەوە.