بزوتنەوەی حەماس: بەبێ ڕاگرتنی شەڕ، ئاگربەست لە غەززە هیچ مانایەکی نییە

K24 - هەولێر

لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی AFP بەرپرسێکی باڵای بزوتنەوەی حەماس ڕایگەیاند، بەبێ ڕاگرتنی شەڕ، ئاگربەست لە غەززە هیچ مانایەکی نییە، باسی لەوەش کرد، بەهیچ شێوەیەک بە ئاگربەستێک قایل نابن کە ڕاگرتنی شەڕ لە غەززە لەخۆی نەگرێت.

ئەو بەرپرسە باڵایەی حەماس، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبار کرد، کە هەوڵدەدات ڕێگە نەدات هیچ جۆرەئاگربەستێک سە ربگرێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، شاندێکی باڵای حەماس و ویلیام بێرنس سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی ناوەندی ئەمەریکا ناسراو بە CIA بۆ تاوتوێکردنی ئاگربەست لە قاهیرەن.

زیاتر لە شەش مانگە شەڕی چەکدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە بەردەوامە و بە گوێرەی دوا ئاماری وەزارەتی تەندروستیی سەر بە حەماس، ژمارەی کوژراوانی کەرتی غەززە گەیشتووتە زیاتر لە 35 هەزار و 535 کەس و کۆی بریندارانیش گەیشتووەتە زیاتر لە 77 هەزار و 704 کەس.