عێراق: ناوەندەکانی جوانکاری و تاتۆ، هۆیەکی سەرەکیی تووشبوونی ئایدزن

K24 - هەولێر

سەندیکای پزیشکانی عێراق هۆشداری دەربارەی سەنتەرەکانی جوانکاری و ی تاتۆ دەدات کە  دەکرێت هۆیەکی سەرەکیی تووشبوونی ئایدز بن.

لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، سەباح شبر، سەرۆکی سەندیکای پزیشکانی عێراق ڕایگەیاند، ئەو سەنتەرانەی تایبەتن بە جوانکاریی و مۆڵەتی وەزارەتی تەندروسیتیان نییە، پتر دەبنە هۆی گواستنەوە و تووشبوون بە ئایدز.

سەرۆکی سەندیکای پزیشکانی عێراق دەشڵێت، "جگە لە سەنتەرەکانی جوانکاری، سەنتەرەکانی تایبەت بە تاتۆش ئەگەری گواستنەوەی نەخۆشی ئایدزیان هەیە."

ئەمە لە کاتێکدایە، لەماوەی چەند ساڵی رابردوو دوو هەزار و 638 حاڵەتی تووشبوون بە ئایدز لە عێراق تۆمار کراوە.

ساڵی 2022، لە پارێزگای بەغدا زیاتر لە 400 سەنتەری جوانکاری هەبوون، زۆربەی زۆریان هیچ مۆڵەتێکیان نەبوو، ئەوانەشی کە مۆڵەتی پزیشکیان هەبوو، بەشێکیان خاوەندارێتییان دەگەڕێتەوە بۆ کەسایەتییە سیاسییەکان. لە چارەکی دووەمی 2021دا نزیکەی 190 سەنتەری جوانکاری بەهۆکاری سەرپێچی کردنەوە داخران.