دکتۆرێک: ئارەزووی خواردنەوەی بیرە پەیوەست نییە بە کەمی ڤیتامینەوە

K24 - هەولێر

زۆرێک لەو کەسانەی کە شەیدای خواردنەوەی بیرەن و بە سادەیی ناتوانن ڕەتی بکەنەوە، وا دەزانن بە هۆی کەمیی ڤیتامینی لەشیانە، بەڵام هەندێک جار ئەم ئارەزووە پەیوەست نییە بە کەمیی ڤیتامین و ماددە خۆراکییەکانی لەشی  مرۆڤدا.

د. مارگاریتا کۆرۆلۆڤا، پسپۆڕی خۆراکی ڕووسیا ئاماژە بەوە دەکات کە بیرە کۆمەڵێک ڤیتامین B و ڤیتامین A و D و K ی تێدایە و ڕیشاڵی خۆراکی دەتوێتەوە لە ئاودا. جگە لەوەش بیرە جۆرێک لە ئارامی و هێز دەبەخشێت بە مرۆڤ.

بە گوتەی ئەو دکتۆرە، زۆرێک پێیان وایە ئەم تێکەڵەیە سوودی هەیە و یارمەتیدەرە بۆ باشترکردنی باری تەندروستییان. بەڵام زیادەڕۆیی لە خواردنەوەی بیرە، زیان بە تەندروستی دەگەیەنێت و دەبێتە هۆی ئاڵوودەبوون بەو خواردنەوەیە، بەو پێیەی کەسەکە دەست دەکات بە زیادکردنی بڕی خواردنەوەی، ئەمەش زیانێکی زۆر بە کۆئەندامی هەرس دەگەیەنێت، چونکە بیرە پرۆسەی ترشکردن زۆر دەکات و ژمارەی بەکتریا زیانبەخشیش زیاد دەکات، کە لە ئەنجامدا سیستەمی بەرگری لەش لاواز دەکات و پرۆسەی بەرهەمهێنانی کۆمەڵێک ڤیتامین В لە جەستەدا ڕادەگرێت.

هەروەها بیرە میزهەڵگرێکی بەهێزە، ئەمەش سوودە سودبەخشەکان فڕی دەدات. جگەلەوەش زیادەڕۆیی لە خواردنەوەی بیرە دەبێتە هۆی تێکچوونی توانای کۆئەندامی زاوزێ و کەمبوونەوەی ئارەزووی سێکسی، خراپی باری سپێرم، هەروەها لەگەڵ کۆبوونەوەی چەوری لە سکدا.