نازم دەباغ: سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی باڵای ئێران پتەوکردنی پەیوەندییەکان تاوتوێ دەکەن

نازم دەباغ، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران
نازم دەباغ، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران

K24 – تاران:

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران، دەڵێت: لە دیداری نێوان سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی باڵای ئێران گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران دەکەن و ئەو پەیوەندییانە پتەوتر دەکەن.

نازم دەباغ، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران، لەبارەی سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئێران، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەمڕۆ بە سەردانێکی فەرمی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەگاتە ئێران و، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وڵاتەکە کۆدەبێتەوە و کۆمەڵێک پرسی گرنگ تاوتوێ دەکەن.

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران، راشیگەیاند، لە دیداری نێوان سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی باڵای ئێران گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانیان دەکەن و ئەو پەیوەندییانە پتەوتر دەکەن.

هاوکات لەبارەی بەرنامەی کۆبوونەوەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ناوبراو دەڵێت: ئەجێندای کۆبوونەوەکە هەموو بەرپرسانی باڵای وڵاتی ئێرانی تێدایە. سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی هیچ کۆبوونەوەیەک ئەنجام نادات، بەیانی کۆبوونەوەکانی دەستپێدەکات.

نازم دەباغ، لەبارەی گرنگی سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئێران گوتی: سەردانەکە ئەوە دەسەلمێنێت کە هەردوولایان ئەگەر بەرزی و نزمی لە پەیوەندییەکانیشیان رووبدات، بەڵام ئامادەییان تێیدایە دووبارە کۆببنەوە و پەیوەندییەکانیان پتەو بکەنەوە.

لەبارەی رۆڵی ئێران لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، نازم دەباغ ئاشکرایکرد، ئێران هەمیشە رۆڵی هەبووە لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە چوارچێوەی دەستووری عێراق.