لە سوید بە یاسا هاووڵاتییان دەبێت بیمەی تەندروستییان هەبێت

ستۆکهۆڵم - سوید
ستۆکهۆڵم - سوید

K24 – ستۆکهۆڵم:

سوید یەکێک لەو وڵاتانەیە کە گرینگیەکی تایبەتی بە بیمە دەدات و بیمەی جۆراوجۆریش هەیە. هاوکات لەو وڵاتە بە یاسای ڕێکخراوە کە دەبێت هەموو هاووڵاتییان بیمەی تەندروستییان هەبێت.

شەماڵ سەدر، هاووڵاتییەکی کوردی دانیشتووی وڵاتی سویدە و بۆ کوردستان24 باسی لە سوودمەندبوونی خۆی لە بیمەی تەندروستی دەکات و ڕوونیکردەوە: لەسەر بنەمای ڕاپۆرتی پزیشکی، لە فەرمانگەی بیمە، هاووڵاتی نەخۆش خەرجییەکانی وەردەگرێتەوە.

‎ئەوەی کە مۆڵەتی نەخۆشی بۆ نەخۆشێک دەنووسێت و دیاریدەکات پزیشکەکانن. لەوبارەوە د. ئالان فتووحی بۆ کوردستان24 باسی لەوەکرد: نەخۆش سەردانی ئەو نۆرینگانە دەکات کە لە ناوچەکەی خۆی بۆی دیاریکراوە و ئەگەر پێویستی بە پزیشکی تایبەت یاخود پشکنینی زیاتر بوو، ئەوا بۆی دەنووسرێت و دەچێت بۆ وەرگرتنی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان.

‎فەرمانگەی بیمە کە یەکێکە لە گرنگترین فەرمانگەکان لە سوید، کاروان حەکیمزادە کە کارمەندی فەرمانگەکەیە بۆ کوردستان24 ڕوونیکردەوە: لە وڵاتی سوید هەر کەسێک بە یاسایی کاربکات و باج بدات، دەتوانێت سوودمەندبێت لە بیمەی تەندروستی و لە کاتی نەخۆشیدا، حکوومەت ئەرکی چارەسەرکردنی لە ئەستۆ دەگرێت لەسەر بنەمای داهاتی ساڵانە و پێدانی باج.

‎بیمەی نەخۆشی لە سوید بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1955 بڕیاری لەسەر درا کە هەموو کەس مافی وەرگرتنی بیمەی نەخۆشیی هەبێت، بەپێی یاسای سوید دەبێت هەموو کەس بیمەی تەندروستی هەبێت، کاتێک تووشی نەخۆشی درێژخایەن یان ڕووداوێک دەبیت و توانای کارکردنی نابێت، لەوکاتەدا خەرجی چارەسەرکردن لە ئەستۆی دەوڵەتە.

هەموو هاووڵاتیەکی سویدی کە مافی مانەوەی لە سوید پێ درابێ مافی وەرگرتنی بیمەی نەخۆشی لەو وڵاتە هەیە و ‎دوای کۆتابڕیاری پزیشک و دیاریکردنی کاتی نەخۆشی، کەسەکە دەتوانێت بیمەی نەخۆشی داوا بکات، بەبێ نووسراوی پزیشکیش، بیمەی نەخۆشی بە کەس نادرێت.