ئەمریكا: ترامپ لە ھەڵوێستەكانی بەرامبەر پەنابەران نەرمی دەنوێنێ

بەڕێوەبەری ھەڵمەتەكانی بانگەشەی ترامپ: ھەڵوێستەكەی ئێستای زۆر لەوەی پێشوو جیاواز نییە

 

 

دۆناڵد ترامپ، كاندیدی كۆمارییەكان بۆ سەرۆكایەتیی ئەمریكا، لە ھەڵوێست و بۆچوونەكانی بەرامبەر پەنابەران پەشیمان دەبێتەوە و ھەوڵی بە یاساییكردنی كەیسی مانەوەی ئەو پەنابەرانەش دەدات، كە تائێستا مافی یاسایی مەنەوەیان لە وڵاتەكەیدا نییە.

 

لەم بارەیەوە كیلی ئان كونوای، بەرێوەبەری نوێی ھەڵمەتی بەنگەشەكانی ترامپ رایگەیاند، ملیاردێرەكە لە ھەفتەكانی داھاتوودا وردەكاریی پلانی خۆی بۆ پرسی پەنابەریی و پەنابەران دەخاتەڕوو و یەكێك لە خاڵەكانی پلانەكەیشی، دۆزینەوەی رێگا و میكانیزمی یاساییە بۆ چارەنووسی ملیۆنان پەنابەری نایاسایی لە وڵاتەكەیدا.

لە دوو رۆژی رابردوودا، ترامپ لە بارەگای سەرەكی خۆی لە باڵەخانەی (تاوەرەكانی ترامپ) لە نیویۆرك لەگەڵ رەوەندی ئەمریكای لاتین كۆبووەوە. دوای كۆبوونەوەكەش، جاكۆب مۆنتی، پارێزەری تایبەتمەند لە بابەتەكانی پەنابەری رایگەیاند، ترامپ دانی بە كێشەیەكی گەورەدا نا، كە پەیوەندی بە زیاتر لە 11 ملیۆن پەنابەری نایاسایی ھەیە و دانی بەوەشدا نا، كە ناردنەوەی ئەو رێژە پەنابەرە بۆ وڵاتەكانیان، كارێكی نادادپەروەرانە و نامرۆڤایەتییە.

ترامپ ئاماژەی بەوە كردووە، پلانەكەی بریتییە لە دابینكردنی دۆخێكی یاسایی بۆ پەنابەرە نایاساییەكان و دەڵێ " ئەو چارەسەرە ناگاتا ئاستی بەخشینی وڵاتینامە، بەڵام بە ھۆیەوە دەتوانن لە ئەمریكا بمێننەوە و ترسی دەركردنیان نەمێنێ".

چاودێران پێیانوایە ئەم ھەڵوێستەی ترامپ، جۆرێكە لە پاشگەزبوونەوە لە گوتاری سەرەتای دەستپێكردنی ھەڵمەتەكانی، بەتایبەت بانگەشەكانی بۆ دروستكردنی دیوارێكی گەورە و بەرز لەسەر سنووی مەكسیك بۆ رێگرتن لە ھاتنی لێشاوی پەنابەران بۆ وڵاتەكەی، بەڵام كونوای، بەڕێوەبەری ھەڵمەتی ھەڵبژاردنەكانی ترامپ دەڵێ " ئەوەی ترامپ لە كۆبوونەكەی لەگەڵ رەوەندی ئەمریكای لاتین گووتی، بەو راددەیە لە ھەڵوێستەكانی پێشووی جیاواز نییە. تەنیا ئەوە نەبێت، ئەمجارە جەختی لەوە كرد، بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەنابەرە نایاساییەكان، پێویستیمان بە رێگەیەكی مرۆیی و دادپەروەرانەتر ھەیە".