یەکێتیی ئەورووپا ئەرکی نوێنەرایەتیی ڕاوێژکاریی لە عێراق تا 2026 درێژ کردەوە

K24 - هەولێر

ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەورووپا لە 29ـی نیسانی 2024، بڕیارێکی پەسەند کرد کە نوێنەرایەتیی ڕاوێژکاریی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق (EUAM Iraq) تا 30ـی نیسانی 2026 درێژکردەوە.

ئەندەرز ویبێرگ، بەرپرسی " EUAM" لە عێراق ڕایگەیاند، "ئێمە سوپاسگوزارین بۆ پشتگیریی بەردەوامی نوێنەرایەتییەکە لەلایەن وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا و شانازیی دەکەین بەهۆی متمانەی هاوبەشە عێراقییەکانمان بە کارەکانمان".

لە هەوڵەکانیدا بۆ پشتگیریی لە جێبەجێکردنی لایەنە مەدەنییەکانی چاکسازیی کەرتی ئاسایش لە عێراق، نوێنەرایەتییەکە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا چەندین کۆبوونەوەی ڕاوێژکاری، وۆرک شۆپ، گەشت و چالاکی بۆ ئەورووپا و ناوچەکە سازکرد و هەوڵی پڕکردنەوەی پێداویستیی عێراقییەکانیان لە ڕێی پڕۆژەکانی یەکێتیی ئەورووپا داوە.

ویبێرگ گوتیشی: "ئاستی بەرزی چالاکییەکان و کارلێککردن لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە کۆتا ماوەی ئەرکەکەماندا دەیسەلمێنێت کە شارەزاییەکانمان بەهایەکی زۆری هەیە."

ویبێرگ ڕوونیشی کردەوە، شارەزایانی کەرتی ئەمنی کە پشتگیری 19 وڵاتی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپایان هەیە، لەگەڵ ئەندامانی ئەم نوێنەرایەتییەی عێراق توانیویانە هاوبەشییەکی نزیک لەگەڵ عێراقییەکان بەدەست بێنن.

بۆ ئەرکی داهاتوو، بە پێی ڕاگەیندراوی یەکێتیی ئەورووپا، نوێنەرایەتیەکە چالاکییە ڕاوێژکاری و هاوکارییەکانی زیاتر لە بوارە سەرەکییەکانی وەک: ستراتیجیی ئاسایشیی نیشتمانی، هەماهەنگی چاکسازیی لە کەرتی ئاسایش، فەرماندەیی و کۆنترۆڵکردن و بەڕێوەبردنی قەیرانەکان، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، تاوانی ڕێکخراو و توندڕەوی، یاسادانانی ئاسایشی نیشتمانی، سەرچاوە مرۆییەکان و بەڕێوەبردنی یەکگرتووی سنوورەکان، مافی مرۆڤ، بەشداریکردنی ژنان، هەروەها پاراستنی میراتی فەرهەنگی، چڕتر دەکاتەوە.

یەکێتیی ئەورووپا لە ساڵی 2017 لەسەر داوای حکوومەتی عێراق نوێنەرایەتیی ڕاوێژکاری یەکێتیی ئەورووپا لە بەغدا دامەزراند، دواتریش لقێکی لە نوێنەرایەتییەکەی لە هەرێمی کوردستان کردەوە. ئامانج لێی پشتیوانیکردنە لە پرۆسەی چاکسازیی لە کەرتی ئەمنی عێراقە بەرەو سەقامگیری و ئاشتییەکی بەردەوام.