سیڤەر سەربەست: هاووڵاتیان دەربارەی کەرتی دڵنیایی ڕۆشنبیریان کەمە

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەرێکی کۆمپانیای تایبەت بە دڵنیایی تەندروستی، ڕایگەیاند، تێچووی کەرتی تەندروستی زۆرترین بودجەی وڵات دەبات، لە عێراق و کوردستانیش هەمان کێشە هەیە.

د. سیڤەر سەربەست، بەڕێوەبەری کۆمپانیای تایبەت بە دڵنیایی تەندروستی، لە دووەم ڕۆژی کۆنفرانسی دڵنیایی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئێستا لە وڵاتانی جیهان هەست بەوە کراوە کە تێچووی کەرتی تەندروستی زۆرترین بودجەی وڵات دەبات، ئەگەر سەیری بکەین لە عێراق و کوردستانیش هەمان کێشە هەیە.

سیڤەر سەربەست ئاماژەی بەوەش کرد، لەوڵاتانی پێشکەوتوو کۆمپانیا تایبەتەکان شانبەشانی حکوومەت یارمەتیدەرن لە پێشخستنی کەرتی تەندروستیدا، بۆئەوەی ئەوانیش و هاووڵاتیانیش قازانج بکەن. بۆیە ئەگەر تۆ بچییە وڵاتێک تووشی ڕووداوێک بیت، ئەو وڵاتە ئامادە نییە تێچووی پزیشیکی تۆ بدات، بۆیە لەکاتی پێدانی ڤیزا داوات لێ دەکات خۆت دڵنیایی کرد بێت تاوەکو لە ئەنجامی هەر ڕووداوێک، پاڵپشتی بکرێت.

بەڕێوەبەرەکەی کۆمپانیاکە دەشڵێت: هاووڵاتیانی ئێمە ڕۆشنبیریی ئەوەی نییە کە پێی دەگوتريت دڵنیایی "بیمە" ، گوتیشی: تاوەکو ئێستا خەڵک کەمتر بیر لە تەندروستی خۆی دەکاتەوە، ئەگەر کەسێک نەخۆش بکەوێت و لەبەر باری دارایی نەتوانێت لە نەخۆشخانە تایبەتەکان چارەی خۆی بکات، ئەوە لەکاتی دانی بیمە خزمەگوزاریی تەندروستیت پێشکەش دەکرێت.

ڕۆژی یەکشەممە، 05-05-2024، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پشتگیریی و پەرەپێدانی کەرتی دڵنیایی، یەکەمین کۆنفرانسی دڵنیایی لە هەولێر بەڕێوە چوو. ئامانج لە پێشخستنی کەرتەکە، پشتیوانیی و مسۆگەرکردنی قەرەبووکردنەوەی زیانەکان و ڕەخسانی هەلی کارە.