پەیامنێری کوردستان24: سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی سەردانی بازاڕی قەیسەریی هەولێری کرد

بازاڕی قەیسەریی هەولێر / وێنە: ئیسلام هیرۆ - کوردستان24
بازاڕی قەیسەریی هەولێر / وێنە: ئیسلام هیرۆ - کوردستان24

K24 – هەولێر:

پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند، ئەمڕۆ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بازاڕی قەیسەریی هەولێری کرد و لە نزیکەوە بەدواداچوونی بۆ ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی دوێنێ شەو کرد و چەند فەرمانێکیشی دەرکرد بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان.

پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند: دوای نیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە (6ـی ئایاری 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بازاڕی قەیسەریی شاری هەولێری کرد و لە نزیکەوە لەگەڵ کاسبکارانی بازاڕەکە و تیمەکانی بەرگریی شارستانی قسەی کرد و هاوخەمی خۆی بۆ زیانپێکەوتوانی ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی دوێنێ شەو دەربڕی.

هاوکات پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەکرد: ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر پێی ڕاگەیاندووە: سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی داوای کردووە هەرچی زووە لێکۆڵینەوەیەکی ورد لە ڕووداوەکە بکرێت بۆ زانینی هۆکارەکەی. هەروەها فەرمانی کردووە دەست بە پاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی ئەو بەشەی بازاڕی قەیسەریی هەولێر بکرێت کە سووتاوە.

هەروەها پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەشکردووە: لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لێژنەیەک خەمڵاندن بۆ زیانەکانی ئاگرەکەی دوێنێ شەوی بازاڕی قەیسەریی هەولێر دەکات و حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەرچی لە توانایدا بێت بۆ هاوکاریکردنی کاسبکارە زیانپێکەوتووەکان، دەیکات.

هەر بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24،  سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی فەرمانی بە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە لە سەرجەم شوێنە گشتییەکان، یەکەی ئاگرکوژێنەوە دابمەزرێنن و بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ڕێکار و ڕێنماییەکان بکەن، لەپێناو ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ڕووداوی نەخوازراوی لەوجۆرە.

لەگەڵ ئەوەشدا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە سەردانەکەیدا بۆ نێو بازاڕی قەیسەریی هەولێر، داوای لە کاسبکاران و هاووڵاتییان کردووە، هاوکاربن لە پاراستنی شوێنەکانیان و سەروماڵیان و کەمتەرخەمی نەکەن لە گرتنەبەری ڕێکاری پێویست بۆ ڕێگریکردن لە دروستبوونی ڕووداوی هاوشێوە لە داهاتوودا.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە نزیکەوە سوپاسی کارمەندانی تیمەکانی بەرگریی شارستانیی و هێزە ئەمنییەکان و تیمەکانی شارەوانی و تەندروستی کردووە بۆ ئەو ڕۆڵەی هەیانبوو لە زوو کۆنترۆڵ کردنی ئاگرەکە و پاراستنی سەروماڵی کاسبکاران، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بە کارمەندانی بەرگریی شارستانی ڕاگەیاندووە: "سوپاستان دەکەم کە ژیانی خۆتان خستە مەترسییەوە بۆ پاراستنی گیان و ماڵی هاووڵاتییان و شانازیتان پێوەدەکەم".

لە بەرامبەر ئەوەشدا، کاسبکارانی بازاڕی قەیسەریی هەولێر، وێڕای بەخێرهاتنی گەرمی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، سوپاسی بەدەمەوە هاتن و هاوخەمییان کردووە کە لە نزیکەوە لێیان دەپرسێت و فەرمانی دەرکردووە بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە و نۆژەنکردنەوەی بازاڕەکەیان.

پێشتریش پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا لە بارەی ئاگرکەوتنەوەی بازاڕی قەیسەری، ئاشکرای کرد: بە گوێرەی دوایین ئامار لە کۆی زیاتر لە چوار هەزار دوکان، 227 دوکان و حەوت کۆگای بچووکی بازاڕی قەیسەری بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکە سووتاون و زیانیان پێ گەیشتووە.

هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە: جگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتەوە، بەڵام بەداخەوە بە هۆى قەرەباڵغیی هاوڵاتییان لە شوێنى ڕووداوەکە، 132 کەس لە ئەفسەر و کارمەندانی بەرگریی شارستانی، ئاسایش، پۆلیس، کاسبکار و هاووڵاتی، بریندار بوون و بەشێکیشیان بە هۆی دووکەڵی ئاگرەکەوە تەندروستیان تێک چووبوو، بەڵام هەرزوو لە لایەن تیمەکانی تەندروستی لە شوێنی ڕووداوەکە 117 كەسيان چارەکران و 15 كەسى دیکەش گواسترانەوە نەخۆشخانەى فریاکەوتن و چارەی پێویستیان بۆ کراوە.