داوا دەكرێت وەزارەتی تەندروستی عێراق ئامادەكاری بۆ ئاوارەكانی مووسڵ بكات

وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و وەزارەتی تەندروستی عێراق رەوشی ئاوارەكان تاوتوێ دەكەن

K24 - ھەولێر

شاندێكی وەزارەتی تەندروستی عێراق لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان تاوتوێی بارودۆخی ئاوارەكان دەكات، ئەمەش دوای سەردانی شاندەكە بۆ وەزارەتی تەندروستی  ھەرێمی كوردستان.

دوای كۆبوونەوەكە، دكتۆر رێكەوت حەمە رەشید، وەزیری تەندروستی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، وەزارەتەكەیان بەھۆی ژمارەی زۆری ئاوارەكان وێرای نەبوونی بودجە، خزمەتێكی زۆری ئاوارەكانی كردووە.

 لەبارەی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی مووسڵ، وەزیری تەندروستی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، لە شەڕی مووسڵ پێشبینی دەكرێت زیاتر لە 500 ھەزار كەس ئاوارەی ھەرێمی كوردستان بن و پێویستمان بە ھەموو جۆرەكانی خزمەتگوزاری تەندروستی و بودجەی تایبەت دەبێت و داوامان لەو شاندە كردووە لەو كاتەدا ئامادەیی تەواویان ھەبێت.